ئەردۆغان بۆ ئەمەریكا: رێگەمان نەداوە هیچ كەسێك مافمان زەوت بكات و رێگەش نادەین

‌ئەردۆغان لە كاتی پێشكەشكردنی وتارەكەی

وێستگە نیوز-
سەرۆك كۆماری توركیا پەیامێكی نوێی ئاڕاستەی ئەمەریكا كرد و رایگەیاند، رێگەیان نەداوە هیچ كەسێك مافیان زەوت بكات و رێگەش نادەن، جەختیشی كردەوە، خۆیان رادەستی ئەوانە نەكردووە و ناكەن كە لە رووكەشدا وەك هاوبەشی ستراتیژیی دەردەكەون، بەڵام بە هەر هەنگاوێك كە دەیهاوێژن، ئەوان دەكەنە ئامانجی ستراتیژی.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، خۆیان رادەستی ئەوانە نەكردووە و ناكەین كە لە رووكەشدا وەك هاوبەشی ستراتیژیی دەردەكەون، بەڵام بە هەر هەنگاوێك كە دەیهاوێژن، ئەوان دەكەنە ئامانجی ستراتیژیی، باوەڕیشیان بەوە هەبووە كە ستەملێكراو رۆژێك مافی خۆی لە ستەمكار وەردەگرێتەوە و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەو باوەڕە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان كە سەرۆكی گشتی ئاكپارتی توركیاشە لە میانەی كۆنگرەی شەشەمی ئاسایی حزبەكەیدا رایگەیاند، پارتەكەی هیچ كاتێك لە بەرەنگاریی هەڵنەهاتووە و لەپێناو پارێزگارییكردن لە خۆیدا هەرگیز دەستبەرداری دۆزەكەی و نیشتمانەكەی نەبووە و نابێت.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەكرد "رەزامەندیمان سەبارەت بە دروستكردنی رێڕەوێكی تیرۆر رێك لەودیو سنوورەكانمانەوە نیشان نەدا و نیشان نادەین، خۆمان رادەستی ئەوانە نەكردووە و ناكەین كە لە رووكەشدا وەك هاوبەشی ستراتیژیی دەردەكەون بەڵام بە هەر هەنگاوێك كە دەیهاوێژن، ئێمە دەكەنە ئامانجی ستراتیژیی. باوەڕمان بەوە هەبووە كە ستەملێكراو رۆژێك مافی خۆی لە ستەمكار وەردەگرێتەوە و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەو باوەڕە".

ئەردۆغان جەختیكردەوە "هەروەك چۆن چاومان لە مافی هیچ كەس نەبووە، رێگەمان نەداوە هیچ كەسێكیش مافمان زەوت بكات و رێگەش نادەین، ئومێدەكانمان، خەونەكانمان، ئامانجەكانمان بۆ ویژدانی كەسانی دیكە جێنەهێشتووە و جێناهێڵێن".

هەروەها وتیشی "هەر سەركەوتنێك كە بەدەستمان هێنابێت وەك دەستپێك بۆ سەركەوتنی دوای ئەوە بینیومانە و دەبینین، هەرگیز گومانمان لە ئیسحان، لوتف، كەرەم و هاوكاریی خوای نەبووە و نابێت، ئەوەمان لە بیرنەكردووە كە كەرەستەی پڕكردنەوەی مێژوو نا، بەڵكو بنیاتنەری مێژووین و لەبیری ناكەین".

بەهۆی دەستگیركردنی قەشەیەكی ئەمەریكی لە توركیا كە ئەو وڵاتە تۆمەتی "سیخوڕیی" داوەتە پاڵی، نێوانی ئەمەریكا و توركیا لەوپەڕی خراپیدایە، دوێنێش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند دەبێت توركیا بخنكێنن.



PM:04:59:18/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 2364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو