هادی عامری: ئەگەر 17% و ناوچە جێناکۆکەکانمان دایەوە بە کورد لێپرسینەوەمان لەگەڵدا بکەن

‌هادی عامری

وێستگه‌ نیوز ـ
سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لە روونکردنەوەیەکیدا بۆ ئەندام و لایەنگرانی دەڵێت، ئەگەر ناوچە جێناکۆکەکانیان دایەوە بە کورد و بە ناردنی 17% ی بودجەی عیراق بۆ هەرێمی کوردستان رازیبوون، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن.

هادی عامری، روونکردنەوەیەکی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئوسامە نوجێفی، سەرۆکی هاوپەیمانی بڕیار و چەند سیاسییەکی تری سوننە بڵاوکردەوە، کە لەناو شەقامی شیعیدا کاردانەوەی لێکەوتبوەوە و بە خیانەت ناویانبردبوو.

لەو روونکردنەوەیەدا عامری دەڵێت، "ئاساییە ئەگەر ببینین تەواوی سەرکردەی کوتلە شیعەکان لەگەڵ لایەنە براوە سونییەکان کۆببنەوە، لەبەرئەوەی ناکرێت پێکهاتەی سوننی پەراوێزبخرێت، چاوپێکەوتنیشیان مانای سازش نییە لەسەر بنەما و بەهاکانیان".

هەر لەو روونکردنەوەیەدا سەرۆکی رێکخراوی بەدر و هاوپەیمانی فەتح بە لایەنگر و ئەندامانی دەڵێت "ئەگەر سازشمان کرد لەسەر بەڕێوەبردنی ناوچە جێناکۆکەکان بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو یان بە رێژەی 17% رازیبن کە پێشووتر لەپێناو پۆستی سەرۆک وەزیران دەدرا بە کورد، ئەوا لێپرسینەوەمان لەگەڵدا بکەن".

ئەمە لەکاتێکدایە لە بودجەی ئەمساڵی حکومەتی عیراقدا رێژەی سەدا 17 بۆ هەرێمی کوردستان لابراوە، هەروەها لە دوای ریفراندۆمەکەی مانگی ئه‌یلولی ساڵی رابردووی هەرێمیش حەشدی شەعبی و هێزەکانی حکومەتی عیراق کەرکوک و خورماتوو و شنگال و تەواوی ناوچە جێناکۆکەکانیان کۆنتڕۆڵکرد و ئێستا تاکلایەنانە بەڕێوەیدەبەن.

هــ. ر


PM:06:42:17/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 29998 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو