یەكێتی بۆ پارتی: گۆڕانكاری لەسیستەمی حوكمڕانی‌و سەروەری یاساو ریشەكێشكردنی گەندەڵی


وێستگە نیوز-
یەكێتی نیشتمانی كوردستان پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردووە و جەخت دەكاتەوە لە گۆڕانكاری لەسیستەمی حوكمڕانی‌و سەروەری یاساو ریشەكێشكردنی گەندەڵی.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەی بۆ وێستگە نیوز نێردراوە پەیامێكی پیرۆزباییان ئاڕاستەی یادی 72 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە.

مەكتەبی سیاسی رایگەیاندووە، 72 ساڵ لەمەوبەر، لەهەلومەرجی دوای جەنگی دووەمی جیهاندا، پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ باشتر رێكخستن‌و رابەرایەتیكردنی لایەنە سیاسیەكانی كوردایەتی، لەسایەی كۆمارە بەكۆرپەیی روخێندراوەكەی رۆژهەڵاتی كوردستاندا، دامەزراو لەو قۆناغەداو، لەمێژووی نوێی سیاسی ئەو سەردەمەدا، هەتا شۆڕشی ئەیلول، پارتی رۆڵێكی مێژوویی گێڕا. لەدوای خیانەتنامەی جەزائیرو بەرپابونەوەی شۆڕشی نوێشدا، سەرەڕای دۆخی دژواری شۆڕشەكەو دۆخەكە، دیسان، پارتی رۆڵێكی گرنگی هەبوو.

یەكێتی ئاماژەی بەوەكردووە، لەدوای دامەزراندنی بەرەی كوردستانییەوە، پەیوەندی یەكێتی‌و پارتی، هەروەها لایەنەكانی تری كوردستانی، گوێزرایەوە بۆ قۆناغی بەرپرسیارێتی رزگاری‌و دیموكراسی نەتەوەیی هاوبەش. سەرەنجامەكەی راپەڕین‌و دەستكەوتەكانی هەڵبژاردن‌و پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێم بوو. پاشان، گەوهەری ئەم پەیوەندییە، گەیەندرایە ستراتیژی روخاندنی سەدام‌و دەستكەوتە مێژووییەكان دوای ئەوە، لەپێشەوەدا، دەستەبەركردنی فیدراڵ لەدەستوری هەمیشەیی عیراقدا.

یەكێتی هەروەها دەڵێت "كۆی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان، هەتا هەنوكەش، بەری خەباتی هاوبەشمانن. دیارە هێشتا مێژوو ئەركی گەورەی خستۆتە ئەستۆمان".

یەكێتی، ئەم بۆنەی پارتی بە هەل دەزانێت جەخت بكاتەوە كەوا "بە ئەزمون وەرگرتن، لەتەواوی ئەزمونەكانمان، ئامادەی درێژەپێدانی خەباتی هاوبەشین لەعیراق‌و كوردستان‌و ناوچەكەشدا. بەئومێدی ئەوەی، هەردوولامان، ماف‌و ئەركەكانمان بزانین‌و هاوسەنگی دابینكردنی مافەكان‌و راپەڕاندنی ئەركەكان، لەسەرجەم بوارەكاندا، بهێنینەدی".

مەكتەبی سیاسی یەكێتی روونیكردۆتەوە "هێشتا رێی خەباتمان دورودرێژە. هێشتا رێڕەوی هاوبەشمان پڕ لە كەندو كۆسپە. بۆیە ئەركمانە، یەكڕیزیی ماڵی كوردستان ببوژێنینەوەو حكومەتی كوردستان كاراتر بكەینەوەو تەنگوچەڵەمەكان چارەسەر بكەین، لەپێشەوەدا، گۆڕانكاری لەسیستەمی حوكمڕانی‌و سەروەری یاساو ریشەكێشكردنی گەندەڵی. بۆئەوەی، بەم یەكڕیزییەو بەحكومەتێكی بەهێزو بەدڵنیایی سیاسیەوە، بەشداری كاریگەر لەپێكەوەنانی حكومەت دوای هەڵبژاردنی عیراق بكەین‌و ئەمجارە، بەكردەوە، حكومەتی عیراق، پابەندی دەستورو پشكی راستەقینەی كورد بێ‌، لەپێشەوەدا، مافی ئابوری‌و مافەكانی پێشمەرگەو رێسای نوێی نەوت‌و گاز‌و جێبەجێكردنی مادەی (140)".


PM:05:07:16/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 2116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو