ئەفغانستان.. لە ئەنجامی هێرشێکی خۆکوژی زیاتر لە 115 کەس کوژران و بریندار بوون

‌پاشماوەی هێرشەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
لە ئەنجامی هێرشێکی خۆکوژی لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان زیاتر لە 115 کەس کوژران و بریندار بوون.


ماڵپەڕی بی بی سی لەزاری وتەبێژی پۆلیسی کابولەوە بڵاویکردووەتەوە، خۆکوژەکە چووەتەناو ناوەندێکی خوێندن لە رۆژئاوای شاری کابول و خۆی تەقاندووەتەوە.

هاوکات وەحید مەجروح وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان رایگەیاندووە، لە ئەنجامی ئەو رووداوە لانیکەم 48 کەس کوژراون و 67ی دیکەش بریندار بوون.

تا ئێستاش هیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە و رێکخراوی تاڵیبانیش رایگەیاندووە دەستی لەو هیرشەدا نەبووە.

ئەمە بۆ سێیەم جارە ناوەندێکی فێرکاری و خوێندن لە رۆژئاوای شاری کابول هێرشی دەکرێتەسەر و داعش بەرپرسیارێتی ئەو دوو هێرشەی پێشووی لە ئەستۆ گرتووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە حکومەتی ئەفغانستان رووبەڕووی فشارێکی زۆر بوه‌تەوە بەهۆی ئەو هێرشەوە کە رێکخراوی تاڵیبان کردیەسەر شاری غەزنی لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە و بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی قورس کە ماوەی پێنج رۆژی خایاند و بەوهۆیەشەوە زیاتر لە 200 هاوڵاتی مەدەنی و سەربازی ئەفغانستان کوژران.

هــ. ر


AM:09:21:16/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو