هه‌زار دۆلار له توركیا خه‌رج بكه و سێ رۆژ به به‌لاش له هۆتێلێكدا بمێنه‌ره‌وه
وێستگه نیوزـ
ئیداره‌ی هۆتێلێكی توركیا بڕیاریدا بۆ پشتیوانیكردن له دراوی نیشتمانیی وڵاته‌كه‌ی، سێ رۆژ مانه‌وه به خۆڕایی به‌و كه‌سانه بدات كه پسوڵه‌یه‌ك پیشانی ئیداره‌كه‌ی بدات و بیسه‌لمێنێت بڕی هه‌زار دۆلاری له‌و وڵاته‌دا خه‌رج كردوه.
هۆتێله‌كه ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی ئه‌ده‌نه له باشوری توركیا و سوره‌یا كایار، به‌ڕێوه‌به‌ری هۆتێله‌كه وتویه‌تی: ئه‌ركێك هاتوه‌ته پێشه‌وه كه كهوتوهتهسهر شانی هه‌موان، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت توركیا بخه‌نه ته‌نگانه‌وه، ئه‌وه‌ش كه به‌سه‌ر لیره‌ی توركیدا هاتوه، پیلانی هێزه ده‌ره‌كییه‌كانه.
هۆتێله‌كه 200 قه‌ره‌وێڵه‌ی تێدایه و هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی له‌پێناو پشتیوانیكردن له دراوی توركیا ده‌ستپێكردوه، وه‌ك ده‌ستپێشخه‌رییه‌كیش بڕیاریداوه هه‌ركه‌س به‌ڵگه و پسوڵه‌ی پیشان بدات كه هه‌زار دۆلاری خه‌رج كردبێت، سێ رۆژ مافی مانه‌وه‌ی به‌خۆڕایی له هۆتێله‌كه پێ ده‌دات.
به‌ڕێوه‌به‌ری هۆتێله‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه كه ده‌ستكردن به‌و هه‌ڵمه‌ته بهپیرهوهچونه بۆ بانگه‌وازه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان-ی سه‌رۆك كۆماری توركیا كه داوای له هاوڵاتیان كردبوو ئه‌گه‌ر دۆلاریان هه‌یه خه‌رجی بكه‌ن و بیخه‌نه بازاڕه‌وه.
پێشتر بانكی ناوه‌ندیی توركیا رایگه‌یاندبوو كه چه‌ند رێوشوێنێك بۆ چالاككردنی بازاڕه‌كانی دراو ده‌گرێته‌به‌ر و نزیكه‌ی 10 ملیار لیره و 6 ملیار دۆلار به كاش و بایی 3 ملیار دۆلاریش ئاڵتون بۆ سیستمی بانكیی وڵاته‌كه‌ی دابین ده‌كات.
له 9ی كانونی یه‌كه‌می 2016، ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا قه‌شه ئه‌ندرۆ برۆنسۆن-ی ئه‌مریكییان له توركیا ده‌ستبه‌سه‌ر كرد كه ماوه‌ی زیاترله 20 ساڵه له توركیا ده‌ژی.
به‌رپرسانی توركیا تۆمه‌تی سیخوڕیان داوه‌ته پاڵ ئه‌و قه‌شه‌یه و ده‌ڵێن كه گوایه سیخوڕیی بۆ فه‌تحوڵا گوله‌ن و لایه‌نگریی بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان كردووه، له‌بری زیندانیكردنیشی، توركیا ئه‌و قه‌شه ئه‌مریكییه‌ی خستوه‌ته‌ژێر مانه‌وه‌ی ناچارییه‌وه.
له ماوه‌كانی رابردوودا دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له ھه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر رایگه‌یاندبوو: "به‌ھۆی ده‌ستگیركردنی قه‌شه ئه‌ندرێو برۆ‌نسن كه پیاوێكی كریستیانی گه‌وره و باوكی خێزانێكی شاھانه‌یه، ئه‌مریكا سزای قورس به‌سه‌ر توركیادا ده‌سه‌پێنێت. پێویسته ئه‌م پیاوه باوه‌ڕداره بێتاوانه ده‌ستبه‌جێ رزگار بكرێ".
دواتریش مایك پینس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا له كۆتایی كۆنگره‌ی ئازادییه ئایینیه‌كان كه له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا سازكرابو، به‌ناوی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی سزای ئابوریی توندی بەسەر توركیا كرد ئه‌گه‌ر ده‌ستبه‌جێ ئه‌ندرۆ برانسۆن، قه‌شه‌ی ئه‌مریكی ئازاد نه‌كه‌ن و نه‌یگه‌ڕێننه‌وه بۆ ئه‌مریكا.
مایك پینس وتی: "به‌ناوی سه‌رۆكی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه په‌یامێك ئاراسته‌ی سه‌رۆكی توركیا و حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره ده‌كه‌م كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ئه‌مه‌یه: پێویسته یان قه‌شه ئه‌ندرۆ ئازاد بكه‌ن، یان خۆتان بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی سزا ئاماده بكه‌ن".
PM:09:17:13/08/2018
ئه‌م بابه‌ته 10520
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت