چیرۆکی‌ ئەو ئەفسەرەی‌ هەواڵگری‌ عیراق کە خۆی‌ خزاندە ناو ریزەکانی‌ داعشەوە

‌حارس ئەلسودانی

وێستگه‌ نیوز ـ
رۆژنامەی‌ نیویۆرک تایمزی‌ ئەمریکی‌، رۆژی‌ یەکشەممە چیرۆکی‌ ئەفسەرێکی‌ هەواڵگری‌ عیراقی‌ بڵاوکردەوە کە توانیبووی‌ خۆی‌ بخزێنێتە ریزەکانی‌ داعش و دەیان هێرش پوچەڵ بکاتەوە.


رۆژنامەکە لە زاری‌ بەرێوەبەری‌ گشتی‌ هەواڵگری‌ و نەهێشتی‌ مادە هۆشبەرەکانەوە لە وەزارەتی‌ ناوخۆ بڵاویکردەوە، هەوڵەکانی‌ نەقیب حارس ئەلسودانی‌، تەمەن 36 ساڵ 30 هێرشی‌ داعشی‌ بە ئۆتۆمبێلی‌ بۆمبرێژکراو 18 پلانی‌ خۆکوژی‌ ئەو گروپەی‌ پوچەڵکردوەتەوە، ئەمە جگە لە کوشتنی‌ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی‌ داعش لە موسڵ.

نیویۆرک تایمز لە رێگەی‌ بەرپرسانی‌ هەواڵگری‌ عیراقەوە باسیلەوەشکردوە،  "رەنگە ئەلسودانی‌ گەورەترین پیاوی‌ هەواڵگری‌ بێت لە عیراقدا توانیویەتی‌ ریزی‌ پێشەوەی‌ داعش ببڕێت و بگات بە ئاستە باڵاکانی‌ ئەو گروپە".

راپۆرتەکە ئاماژەی‌ بەوەشکردوە، حارس ئەلسودانی‌ پەیوەندیکردوە بە "خانەی‌ هەڵۆکانی‌ هەواڵگرییەوە" لە ساڵی‌ 2006، دوای‌ ئەوەی‌ داعش دەستیگرت بەسەر بەشێکی‌ فراوانی‌ عیراقدا، ئەلسودانی‌ خۆبەخشانە هەوڵیدا دزە بکاتە ریزەکانی‌ داعشەوە، سەعد ئەلفالح ئەو ئەفسەرە بووە کە سەرپەرشتی‌ ئەلسودانی‌ کردوە بە نیویۆرک تایمزی‌ وتوە" ئەوەی‌ پاڵی‌ بە حارسەوە نا ئەو رێگەیە هەڵبژێرێت بینینی‌ وێنەی‌ ئەو منداڵانە بوو لەسەر دەستی‌ داعش کوژرابوون".

ئەلفالح روونیکردەوە، حارس زمانی‌ ناوچەیی‌ دەزانی، بەڵام ناچاربوو هەوڵێکی‌ زۆر بدات بۆ خوێندنەوەی‌ قورئانی‌ پیرۆز بۆ ئەوەی‌ چەکدارانی‌ داعش پێینەزانن، پاشان وەک "ئەبو سوهەیب" خۆیناساند کە پیاوێکی‌ بێکار بووە و لە یەکێک لە گەڕەکەکانی‌ بەغدای‌ پایتەخت نیشتەجێیە، لە مانگی‌ ئەیلولدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی‌ خانەکەیدا "خانەی‌ هەڵۆکانی‌ هەواڵگری" ئەرکی‌ شکاندن و چوونە ناو ریزەکانی‌ داعشی‌ پێ سپێردرا لە شاری‌ تارمیە کە دەیان خۆکوژ لەوشارەوە بە ئۆتۆمبێلی‌ بۆمبڕیژکراوەوە بەرەو بەغدا بەرێدەکەوتن.

تەنها دوای‌ چەند هەفتەیەکی‌ کەم، لەناو داعشدا حارس ئەلسودانی‌ وەک بەرپرسی‌ لۆجستی‌ ئەرکی‌ سەرپەرشتیکردنی‌ تەقینەوەکانی‌ بەغدای‌ پێ سپێردرا، ئەوەش رێگەی‌ بۆ هەڵۆکان خۆشکرد دەیان هێرش لەڕێی‌ پوچەڵکردنەوەی‌ بۆمب و دەستگیرکردنی‌ ئەو کەسانەوە دایاندەنان پوچەڵبکاتەوە.

لە ناوەڕاستی‌ 2016 حارس بۆ یەکەمجار خەریکبوو شکست بهێنێت، ئەویش چونکە سەرکردەکەی‌ لەناو داعشدا بە هۆی‌ تەکنۆلۆژیای‌ "جی‌ پی‌ ئێسەوە" درۆیەکی‌ حارسی‌ ئاشکرا کرد سەبارەت شوێنەکەی‌، حارس لە چالاکیەکی‌ دەگمەندا سەردانی‌ ماڵی‌ خۆی‌ کردبوەوە، دواتر داعش لە ئاهەنگی‌ سەریساڵدا گوێی‌ لە پەیوەندییەکی‌ نێوان حارس و هاوڕێکانی‌ گرت لە"خانەی‌ هەڵۆکان" ئەوەشبووە سەرەتای‌ لەناوچوون و کۆتایهاتنی‌.

لەسەرەتاکانی‌ کانونی‌ دووەمی‌ 2017 دا داعش بە ئەرکێکی‌ نوێ حارس ئەلسودانی‌ نارد بۆ کێڵگەیەکی‌ دوور لە تارمیە، بە پێچەوانەی‌ جارەکانیترەوە، حارس ئەو ئەرکەی‌ رەتکردەوە و رایگرت، هاوڕێکانیشی‌ لە خانەی‌ هەڵۆکان دەستەوەستان بوون لە چاودێریکردنی‌ جموجوڵەکانی‌ لەو ناوچەیە، بە گەیشتنی‌ بە کێڵگەکە، چارەنووسی‌ حارس ئەلسودانی‌ لێڵ بوو، بەجۆرێک هێزە تایبەتەکان دوای‌ سێ رۆژ گەڕان و پشکنین هیچ ئاسەوارێکیان نەدۆزییەوە.

رۆژنامەکە لە کۆتاییدا نووسیویەتی‌، ڕەنگە حارس بۆ شاری‌ قائیم لەسەر سنوری‌ سوریا دوور خرابێتەوە، "مەناف"ی‌ برای‌ لە یەکێک لە تۆمارەکانی‌ پڕوپاگەندەی‌ داعشدا حارسی‌ ناسیوەتەوە کە لە مانگی‌ ئابدا بڵاو بوەتەوە.

نیویۆرک تایمز ئاماژەی‌ بەوەشکردوە، "حارس ئەلسودانی‌ بووەتە ئەفسانەیەکی‌ راستەقینە لە ناو پیاوانی‌ هەواڵگری‌ عیراقدا بەڵام خێزانەکەی‌ ناتوانن قەرەبوو لە حکومەت وەربگرن چونکە لاشەکەیان نەدۆزیوەتەوە".

هــ. ر


PM:12:22:13/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 8614 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت