‌لێدوانی مامۆستایەكی ئایینی سەبارەت بە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدان

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

مامۆستایەكی ئایینی لە شاری سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەكات بەشداری پڕۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بكات، بەڵام پێشی وایە بەشداریی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چەند دڵنییایەكی پێویستە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9د ئابی 2018، لە ئوتێل رامادا لە شاری سلێمانی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەگەڵ ژمارەیەك مامۆستای ئایینی شاری سلێمانی كۆبوەوە بەمەبەستی تاوتوێی بەشداری هاوڵاتیان لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران.

ئومێد عومەر، مامۆستای ئایینی بە وێستگە نیوزی راگەیاند، گرنگە هاوڵاتیان بەشداری هەڵبژاردن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بكەن، بەڵام لەو پڕۆسەیەش گرنگتر دەبێت چەند خاڵێكی دیكە ئەنجام بدرێت بۆ بەشداری زیاتری هاوڵاتیان.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا بێمتمانەیی خەڵك و ناكۆكی لایەنەكان و بژێوی ژیانی خەڵك و ئاشتەوایی نیشتمانی، هەلیكار بۆ خوێندكاران گرفتی سەرەكین، بۆیە دەبێت متمانە بدرێت بۆ نەفەوتانی دەنگی خەڵك، چونكە ئەگەر بەو دەنگە دۆخەكە نەگۆڕێت بێمتمانەیی دروست دەكات.

ئەمڕۆش ئیسماعیل خورماڵی، بڕیاردەری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە لێدوانێكدا بۆ ژمارەیەك میدیا لە نێویاندا وێستگە نیوز رایگەیاند، ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیاری داوە بە درێژكردنەوەی ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە 11-8-2018ەوە بۆ رۆژی 16-8-2018.

دەربارەی كەمیی سەردانی هاوڵاتیان بۆ بنكەكانی دەنگدان، خورماڵی وتی "ئەو كەسانەی شوێنیان گۆڕیوە یان ناوەكانیان كێشەی تێدایە و راستی دەكەنەوە سەردانی بنكەكان دەكەن، بۆیە زۆرێك لە خەڵك بەشێوەی ئۆنلاین سەردانی بنكەكان دەكەن".

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە رۆژی 11-7-2018ەوە دەرگای بنكەكانیان بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران كردوەتەوە و رۆژی شەممە 11-8-2018 كۆتایی دەهات، بڕیاریشە رۆژی 30ی ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت.


PM:10:04:09/08/2018






ئه‌م بابه‌ته 1360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌