‌وەزارەتی دارایی: بەغدا پارە بنێرێت پێش جه‌ژن مووچه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان ده‌درێت
‌دابەشکردنی مووچە

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

به‌ وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم، هێشتا 317 ملیار دیناره‌كه‌ی به‌غدا بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ره‌وانه‌ نه‌كراوه‌ و له‌ ئه‌گه‌ری دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عیراقیش پێش جه‌ژن، له‌ هه‌رێمیش پێش جه‌ژن مووچه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان دابه‌شده‌كرێت.

فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا به‌ میدیاكانی نزیك له‌ پارتی راگه‌یاندووه‌: قسەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق کردووە، پێیان وتوه‌ پێش جەژنی قوربان 317 ملیار دینارەکەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرن.

باسی لەوەشکردووه‌، هەموو فەرمانبەرانی حکومەتی عیراق پێش جەژنی قوربان مووچە وەردەگرن، لەو چوارچێوەش پشکی هەرێمی کوردستان دەنێرن، بەهۆی ئەوەی هەموو مانگێک لەکاتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆیان مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەنێرن.

هاوكات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: ئەگەر حکومەتی عیراق 317 ملیار دینارەکەی مووچەی فەرمانبەرنی هەرێمی کوردستان بنێرێت، پێش جەژن مووچەی هەموو وەزارەتەکان دابەشدەکرێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم راشیگه‌یاند: وه‌زاره‌ته‌كه‌ی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ شتی فه‌رمی ده‌كات، تا ئێستاش هیچ شتێك به‌ فه‌رمی نه‌هاتووه‌ بۆیان و تا نه‌شبێته‌ فه‌رمی ناتوانن سه‌د له‌ سه‌د بڵێن پێش جه‌ژن مووچه‌ ده‌درێت.

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو مانگێک لە رۆژی 5ی مانگەوە دەستدەکات بە دابەشکردنی مووچە. ئەم مانگەش تا ئێستا فەرمانبەرانی چەند وەزارەتێک مووچەیان وەرگرتووە و رۆژانەش بەردەوام دەبێت لە پێدانی مووچەی وەزارەتەکانی دیکە.



PM:10:10:08/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 56080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێندراو