‌وه‌زیری وزه‌ی‌ توركیا: به‌رده‌وام ده‌بین له‌ كڕینی گازی سروشتی له‌ ئێران
‌وه‌زیری وزه‌ی‌ توركیا

وێستگه‌ نیوز -
وه‌زیری وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی توركیا به‌ ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه‌ بازرگانی وزه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران ره‌وایه‌، رایگه‌یاند كه‌ ساڵانه‌ نزیكه‌ی نۆ ملیار و 500 ملیۆن مه‌ترسێجا گازی سروشتی له‌ ئێران ده‌كڕن.


فاتیح دونمه‌ز وه‌زیری وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی توركیا دۆنمه‌ز له‌ میانی به‌شداریكردن له‌ په‌خشی راسته‌وخۆی كه‌ناڵی A Haber دا رایگه‌یاند كه‌ "ساڵانه‌ نزیكه‌ی نۆ ملیار و 500 ملیۆن مه‌ترسێجا گازی سروشتی له‌ ئێران ده‌كڕین. به‌پێی ئه‌وه‌ی خستنه‌ سه‌رما و بێ كاره‌با بوونی هاووڵاتییان له‌ ئارادا نییه‌، پشتبه‌ستن به‌ حوكمه‌كانی گرێبه‌سته‌كه‌ ئه‌م بازرگانییه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت".

وه‌زیری وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی توركیا ده‌سته‌به‌ركردنی داواكاری وزه‌ی به‌ ئێجگار گرنگ له‌قه‌ڵه‌م دا و تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی له‌ مێژینه‌ی بازرگانییان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئێران به‌ تایبه‌ت له‌ بواری هاورده‌كردنی نه‌وت و گازی سروشتیدا.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ هاورده‌كردنی گازی سروشتییان له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌پێی گرێبه‌ستی قۆناغی دوورمه‌ودا ئه‌نجام داوه‌.
فاتیح دونمه‌ز وتی: "ماوه‌ی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ تاكو 2026ه‌ و پشتبه‌ستن به‌ حوكمه‌كانی گرێبه‌سته‌كه‌ ئه‌م بازرگانییه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت".

فاتیح دۆنمه‌ز سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشا كه‌ سزاكان تاكلایه‌نه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ به‌ سه‌ر ئێراندا سه‌پێندراون و یه‌كێتیی ئه‌وروپا زۆر له‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌مریكا نیگه‌رانه‌ و جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "ئێمه‌ بازرگانییه‌كی ره‌وا ئه‌نجام ده‌ده‌ین. ده‌سته‌به‌ركردنی داواكاری وزه‌ ئێجگار گرنگه‌، هه‌روه‌ها ئه‌رك و مافی هاوسێیه‌تیشمان له‌سه‌ر شانه‌، چه‌ندین ساڵه‌ پێكه‌وه‌ بازرگانی ده‌كه‌ین، پێموایه‌ پێویسته‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ڵبسه‌نگێندرێت".

وه‌زیری وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی توركیا روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئێستا شاندێكی توركیا له‌ ئه‌مریكایه‌ و وتی: "له‌ باره‌ی ژماره‌یه‌ك ته‌وه‌ر به‌ سزاكانیشه‌وه‌ دانوستان ده‌كرێت، هیوام به‌و گفتوگۆیانه‌ هه‌یه‌ ئه‌نجامێكی باشیان لێبكه‌وێته‌وه‌".

رۆژی‌ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ سه‌رۆكی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا واژووی لەسەر گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران کرد و لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و نوسیوویەتی: "ئابڵوقەکانی سەر ئێران بە فەرمی چەسپان. ئەمانە دژوارترین ئابڵوقەن تا ئێستا سەپابن".

ترەمپ دەشڵێت: "لە مانگی یازدە، هێشتا ئابڵوقەکان دەچنە قۆناخێکی دژوارترەوە، هەرکەسێک بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات، بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا ناکات. من تەنها داوای ئاشتی جیهانی دەکەم، هیچی دیکە!".

ئەمریکا ناڕازییە لە هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستتێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە و دەیەوێت لە رێگای سزاکان فشاری تەواو دروستبکات تا تاران لە پەلهاوێشتن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەشیمان بکاتەوە، تارانیش هەم رەتیدەکاتەوە و هەمیش سوورە لەسەر ئەوەی سزاکانی ترەمپ چۆک بە کۆماری ئیسلامی دانادەن.


PM:02:33:08/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێندراو