‌تویتێكی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كه‌نه‌دا 20 ملیار دۆلار له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ی كه‌وت

وێستگه‌ نیوز -

به‌پێی ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ئه‌و تویته‌ی كریستیا فریلاند وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كه‌نه‌دا، له‌سه‌ر ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ژماره‌یه‌ك چالاكی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ریازی‌ پایته‌ختی سعودیه‌ له‌ تویته‌ر بڵاویكرده‌وه‌، نزیكه‌ی 20 ملیار دۆلار له‌سه‌ر كه‌نه‌دا كه‌وتووه‌.

له‌ كاتێكدا قه‌یرانی نێوان كه‌نه‌دا و سعودیه‌ له‌ قووڵبوونه‌وه‌دایه‌، یه‌كه‌م ده‌ركه‌وته‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ له‌سه‌ر ره‌هه‌ندی ئابووریی ده‌ركه‌وت.

تویته‌كه‌ی كریستیا فریلاند كه‌ له‌ دوای ده‌ستبه‌سه‌ركردنی سه‌مه‌ر به‌ده‌وی خوشكی بلۆگنووسی كه‌نه‌دی رائیف به‌ده‌وی كه‌ هێشتا له‌ ریاز ده‌ستبه‌سه‌ره‌ له‌گه‌ڵ ژنێكی دیكه‌ كه‌ به‌ندكراوه‌ و داوای له‌ سعودیه‌ كردووه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ئازاد بكات، په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ی گه‌یانده‌ خاڵی پچڕان.

بڕیاری سعودیه‌ بۆ راگرتنی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان له‌گه‌ڵ كه‌نه‌دا، پاكێجی فرۆشتنی 928 زرێپۆشی سه‌ربازی سووك و قورس به‌ به‌های 15 ملیار دۆلار له‌ لایه‌ن كه‌نه‌داوه‌ به‌ سعودیه‌ كه‌ هێشتا له‌ قۆناغی دروستكردندایه‌ خرایه‌ سه‌ر بڕیاره‌كه‌.

سعوودیه‌، له‌سه‌رده‌می ستیفن جۆزیف هارپه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی كه‌نه‌دا، داوای 928 زرێپۆشی سه‌ربازی له‌ جۆری Light Armoured Vehicles-LAV كردبوو كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمپانیای General Dynamics Land Systemsه‌وه‌ به‌رهه‌مده‌هێنرێت.
كاره‌كانی فرۆشتن كه‌ له‌ ساڵی 2014دا ته‌واوبوو له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌كه‌ی جه‌ستن ترۆدۆ كه‌ ساڵی 2015 هاته‌ سه‌ر حوكم هه‌ڵپه‌سێردرا.

له‌ چوارچێوه‌ی بڕیاری سعودیه‌ بۆ راگرتنی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان، 17 هه‌زار و 272 قوتابی كه‌ له‌سه‌ر زه‌ماله‌ی ده‌وڵه‌تی سعودیه‌ له‌ زانكۆكانی كه‌نه‌دا ده‌خوێنن له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیاندا ئه‌و وڵاته‌ جێده‌هێڵن.

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی سعوودیه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ حكومه‌تی ریاز له‌گه‌ڵ كه‌نه‌دادا به‌رنامه‌كانی په‌روه‌رده‌، زه‌ماله‌ و ناردنی قوتابی راگرتووه‌ و به‌په‌له‌ به‌رنامه‌یه‌ك داده‌نێن بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و قوتابیانه‌ی له‌ رێگه‌ی ئه‌و به‌رنامانه‌وه‌ له‌و وڵاته‌دا ده‌خوێنن.

خوێندكاره‌ سعودییه‌كانی دانیشتووی كه‌نه‌دا له‌ رووی قه‌باره‌وه‌، شه‌شه‌مین گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵه‌ خوێندكارن له‌و وڵاته‌دا. به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ رۆڵی ئه‌م خوێندكارانه‌ له‌ ئابووریی كه‌نه‌دادا له‌ پاڵ خوێندنه‌كانیاندا و ئه‌و خه‌رجییه‌ی بۆ خانه‌واده‌كانیانی ده‌كه‌ن، بریتییه‌ له‌ 500 ملیۆن دۆلار.
به‌پێی داتاكانی ده‌زگای ئاماری كه‌نه‌دا، قه‌باره‌ی بازرگانیی نێوان ئه‌و وڵاته‌ و سعوودیه‌ چوار ملیار دۆلاره‌ و له‌دوای دوایین بڕیاری سعودیه‌، كه‌نه‌دا له‌م بواره‌شدا زیانی پێده‌گات.
بوارێكی دیكه‌ كه‌ قه‌یرانه‌كه‌ كاریگه‌ریی كردووه‌ته‌ سه‌ر، گه‌شته‌ ئاسمانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاته‌یه‌، له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ له‌ لایه‌ن هێڵی ئاسمانیی سعوودیه‌وه‌ بڵاوكرابوویه‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كرابوو له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵپه‌ساردنی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان له‌گه‌ڵ كه‌نه‌دادا له‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ 13ی ئابه‌وه‌ گه‌شته‌ ئاسمانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ شاری تۆرۆنتۆ ناوه‌ندی ویلایه‌تی ئۆنتاریۆ، راده‌وه‌ستێنرێن.

پێشتر كریستیا فریلاند وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كه‌نه‌دا، تویتێكی سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستگیكردنی سه‌مه‌ر به‌ده‌وی و ژنێك بڵاوكردبوویه‌وه‌ كه‌ سه‌ردانی براكه‌ی، رائیف به‌ده‌وی هاووڵاتیی كه‌نه‌دی به‌ ره‌گه‌ز سعودیی و بلۆگنووس كه‌ له‌ ئێستادا له‌ سعودیه‌ له‌ زینداندایه‌، بڵاوكردبووه‌وه‌.
له‌ تویته‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو كه‌ ده‌ستگیركردنی سه‌مه‌ر به‌ده‌وی و ئه‌و ژنه‌ "مایه‌ی نیگه‌رانییه‌كی زۆر"ه‌ و داوای له‌ سعودیه‌ كردبوو، ده‌ستبه‌جێ ئازادیان بكات.

لای خۆیه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعودیه‌ له‌ رێگه‌ی گرتنه‌ به‌ری هه‌مان رێگه و له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ره‌وه‌، بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كه‌نه‌دادا هه‌ڵده‌په‌سێرێت و داوای له‌ باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌ ریاز كردبوو له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێردا سعوودیه‌ جێبهێڵێت و باڵیۆزی خۆشی له‌ كه‌نه‌دا كشانده‌وه‌.

سەرچآوە: ئەنادۆڵ


AM:11:13:08/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 4584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێندراو