‌ئه‌مریكا داوا له‌ سعودیه‌ و كه‌نه‌دا ده‌كات ناكۆكییه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن

وێستگه‌ نیوز -
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا داوای له‌ وڵاتانی‌ كه‌نه‌دا و سعودیه‌ كرد ناكۆكییه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.


هێزه‌ر ناوێرت وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ سعودیه‌دا باسی له‌ بابه‌ته‌كه‌ كردووه‌.

وتیشی: "پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌ردوولا سیاسییانه‌ ناكۆكییه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. ئێمه‌ ناتوانین له‌ جیاتی ئه‌وان بۆیان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌وان پێكه‌وه‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ن".

رۆژی دووشه‌ممه‌ عادل جوبه‌یر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعودیه‌ ره‌خنه‌ی له‌ داواكه‌ی كه‌نه‌دا گرت بۆ ئازادكردنی چالاكه‌وانه‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وتی: "لێدوانه‌كانی كه‌نه‌دا له‌ زانیاریی هه‌ڵه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌".

سعودیه‌ داوای له‌ باڵیۆزه‌كه‌ی كرد له‌ كه‌نه‌دا وڵاته‌كه‌ به‌جێبهێڵێت و هه‌موو مامه‌ڵه‌ بازرگانیی و وه‌به‌رهێنانه‌ نوێیه‌كانی نێوانیانی راگرت، به‌ هه‌مان شێوه‌ باڵیۆزی كه‌نه‌دای له‌ سعودیه‌ ده‌ركرد.

ناوێرت وتیشی: "ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بیدا باس له‌ مافه‌كانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی دیكه‌ ده‌كات".

كاتێك ناوێرت پرسیاری لێكرا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا واشنتۆن پشتیوانی‌ كه‌نه‌دا ده‌كات یاخود نا، ناوێرت له‌ وه‌ڵامدا ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ سعودیه‌دا گفتوگۆی له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ كردووه‌.

راشیگه‌یاند كه‌ "هانی حكومه‌تی سعودیه‌ ده‌ده‌ین به‌شێوه‌یه‌كی گشتی رێز له‌ رێكاره‌ یاساییه‌كان بگرن و له‌سه‌ر هه‌ندێك دۆسیه‌ی یاسایی زانیاری زیاتر بده‌ن".


AM:08:44:08/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێندراو