‌به‌رپرسێكی‌ ئه‌مریكی‌: توركیا قه‌شه‌ ئه‌ندرۆ ئازاد نه‌كات، زۆر شت هه‌یه‌ له‌ ده‌ستی بدات

وێستگه‌ نیوز -
كۆمسیاری كۆمیته‌ی ئه‌مریكا بۆ ئازادییه‌ ئاینییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند كه‌ توركیا زۆر شت هه‌یه‌ له‌ ده‌ستی بدات له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئیداره‌ی‌ تره‌مپدا.


كریستینا ئاریاگا دی باكهۆڵز كۆمسیاری كۆمیته‌ی ئه‌مریكا بۆ ئازادییه‌ ئاینییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی له‌ چاوپـێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئه‌لحوڕه‌ وتی: "ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نكه‌ره‌ داواده‌كرێت، ئازادكردنی قه‌شه‌ ئه‌ندرۆ برۆنسنه‌، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا توركیا زۆر له‌ ئه‌مریكا زیاتر له‌ده‌ست ده‌دات".

وتیشی: "تۆمه‌تی ئه‌فسانه‌یی كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌واهیدانی نهێنی ئاڕاسته‌ی قه‌شه‌ ئه‌ندرۆ كراون".

پاشان باسی له‌ ره‌وشی قه‌شه‌ ئه‌ندرۆ كرد و رایگه‌یاند كه‌ "ناوبراو ده‌ستبه‌سه‌ره‌ و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌ ئه‌پارتمانێكی بچوكدایه‌ كه‌ هه‌موو دراوسێكانیان توركن و تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ بۆیان ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی حكومه‌ته‌"، كه‌ به‌ تێڕوانینی ئه‌و هانی توندوتیژی ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش قه‌شه‌ ئه‌ندرۆ ده‌خاته‌ دۆخێكی زۆر مه‌ترسیداره‌وه‌.

داواشی له‌ ئه‌مریكایـیه‌كان كرد گه‌شت بۆ توركیا نه‌كه‌ن و رایگه‌یاند كه‌"دۆخه‌كه‌ له‌وێ پارێزراو نییه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌مریكییه‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "توركیا چیتر ئه‌و وڵاته‌ نییه‌ رێز له‌ سه‌روه‌ری یاسا بگرێت".

كۆمیته‌ی ئه‌مریكا بۆ ئازادیـیه‌ ئاینیـیه‌كان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ده‌زگایه‌كی حكومه‌تی فیدراڵی ئه‌مریكییه‌.
له‌ 9ی كانونی یه‌كه‌می 2016، ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا قه‌شه‌ ئه‌ندرۆ برۆنسۆن-ی ئه‌مریكییان له‌ توركیا ده‌ستبه‌سه‌ر كرد كه‌ ماوه‌ی زیاترله‌ 20 ساڵه‌ له‌ توركیا ده‌ژی.

به‌رپرسانی توركیا تۆمه‌تی سیخوڕیان داوه‌ته‌ پاڵ‌ ئه‌و قه‌شه‌یه‌ و ده‌ڵێن كه‌ گوایه‌ سیخوڕیی بۆ فه‌تحوڵا گوله‌ن و لایه‌نگریی بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان كردووه‌، له‌بری زیندانیكردنیشی، توركیا ئه‌و قه‌شه‌ ئه‌مریكییه‌ی خستوه‌ته‌ژێر مانه‌وه‌ی ناچارییه‌وه‌.

له‌ ماوه‌كانی‌ رابردوودا دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا له‌ ھه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر رایگه‌یاندبوو: "به‌ھۆی ده‌ستگیركردنی قه‌شه‌ ئه‌ندرێو برۆنسن كه‌ پیاوێكی كریستیانی گه‌وره‌ و باوكی خێزانێكی شاھانه‌یه‌، ئه‌مریكا سزای قورس به‌سه‌ر توركیادا ده‌سه‌پێنێت. پێویسته‌ ئه‌م پیاوه‌ باوه‌ڕداره‌ بێتاوانه‌ ده‌ستبه‌جێ رزگار بكرێ".

دواتریش مایك پینس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ كۆتایی كۆنگره‌ی ئازادییه‌ ئایینیه‌كان كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا سازكرابو، به‌ناوی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی سزای ئابووریی توندی له‌ توركیا كرد ئه‌گه‌ر ده‌ستبه‌جێ ئه‌ندرۆ برانسۆن، قه‌شه‌ی ئه‌مریكی ئازاد نه‌كه‌ن و نه‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ئه‌مریكا.

مایك پینس وتی: "به‌ناوی سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ په‌یامێك ئاراسته‌ی سه‌رۆكی توركیا و حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كه‌م كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ئه‌مه‌یه‌: پێویسته‌ یان قه‌شه‌ ئه‌ندرۆ ئازاد بكه‌ن، یان خۆتان بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی سزا ئاماده‌ بكه‌ن".



PM:11:21:07/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 3636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌