‌دوا ئاماری قوربانیانی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی ئیندۆنیسیا

وێستگه‌ نیوزـ

به‌رپرسانی ئیندۆنیسیا رایانگه‌یاند ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزە بەهێزەکەی شەوی یەکشەممە لە باکوری دورگەی لۆمبۆکی گەیشتوه‌ته‌ 98 کەس.

سوتۆپـۆ نوگرۆهۆ، وتەبێژی ئاژانسی نیشتمانیی كاره‌ساتنه‌كان به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند كه‌ تەرمی 9 گەشیتاری ئیندۆنیسی دۆزراونەتەوە و بەمەش ژمارەی ئەوانەی بەهۆی بومەلەرزەکە گەیانیان لەدەستداوە گەیشتە 98 کەس و 236 کەسی دیکە برینداربوون، وتیشی سه‌رجه‌م قوربانیـیەکان ئیندۆنیسین.

وته‌بێژه‌كه‌ پـێشبینی کرد ژمارەی قوربانیـیەکان زیاتربن لە کاتێکدا هێشتا کارەکانی پشکنینی شوێنە وێرانبووەکان بەردەوامن.

وتیشی: تیمەکانی بەهاناچوونی ئیندۆنیسیا توانیویانە نزیکەی 2700 گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی لە شوێنە وێرانبووەکان بگوێزنەوە بۆ بەندەرێک لە باکوری دورگەکە لەوێشەوە بەرەو فڕۆکەخانەکانیان بردون. 

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 5ی ئابی 2018، بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز دورگه‌ی لۆمبۆكی له‌ ئیندۆنیسیا هه‌ژاند و به‌هۆیه‌وه‌ 91 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا.

په‌یمانگای جیۆلۆجی ئه‌مریكی له‌باره‌ی گوڕی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌: "گوڕی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌ 7 پله‌ به‌پێوه‌ری رێخته‌ر زیاتر بووه‌ و لە قوڵایی 10 کیلۆمەتری ژێر زەوی ناوچەکەدا بووە.

هاوكات ئاژانسی روبەڕوبونەوەی کارەساتەکان لە ئیندۆنیسیا رایگەیاند، بومەلەرزەکە لە دورگەیەکی گەشتیاری ڕوویداوە و هۆشداری لە ئەگەری بەرپابوونی تسۆنامی راگەیەندراوە.

لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.4 پلە لە هەمان دورگە رویداو و بەهۆیەوە 14 کەس گیانیان لەدەستدا و 162ی دیکەش برینداربوون و زیانیش بە هەزاران خانوو و دامەزراوەکانی ناوچەکە گەیشت.

ئیندۆنیسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کەوتووەتە سەر هێڵی بومەلەرزە و له‌هه‌مانكاتدا ناوچه‌یه‌كی گڕکانیشه‌، به‌وهۆیشه‌وه‌ ساڵانە چەندین بومەلەرزەی بەهێز و مامناوەند تیایدا رودەدات.


PM:09:40:07/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 1188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌