‌عه‌بادی: له‌گه‌ڵ سزاکانی سه‌ر ئێران هاوسۆز نین، به‌ڵام پابه‌ندیش ده‌بین پێوه‌ی
‌حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاند كه‌ دژی سه‌پاندنی سزاكانی ئه‌مریكان به‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا، گه‌مارۆ و سزا كۆمه‌ڵگه‌كان له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێنن و لاوازی ده‌كه‌ن، به‌ڵام پابه‌ندیش ده‌بین پێوه‌ی.

له‌ كۆنگره‌ی هه‌فتانه‌ی رۆژنامه‌وانیی خۆیدا كه‌ دوای كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سازی ده‌كات، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق راگه‌یاند: به‌غدا هاوسۆزی گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران نییه‌، ئێمه‌ به‌ هه‌ڵه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری و ستراتیژی و ناراستی ده‌زانین، به‌ڵام بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی خۆمان پابه‌ند ده‌بین پێوه‌ی.

سه‌ره‌ڕای بانگه‌وازی هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا، به‌ڵام واشنتن سزای نوێی به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاند و رۆژی دووشەممە 6ی ئابی 2018، ترەمپ واژووی لەسەر گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران کرد و ئەمڕۆش سێشه‌ممه‌ 7ی ئابی 2018، تره‌مپ دواین هەڵوێستی لەسەر ئەو بڕیارەی راگەیاند.

سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و نوسیویەتی: "ئابڵوقەکانی سەر ئێران بە فەرمی چەسپان، ئەمانە دژوارترین ئابڵوقەن تا ئێستا سەپابن".

ترەمپ دەشڵێت: "لە مانگی یازدە، ئابڵوقەکان دەچنە قۆناغێکی دژوارترەوە، هەرکەسێک بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات، بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا ناکات، من تەنها داوای ئاشتی جیهانی دەکەم، هیچی دیکە!".

ئەمریکا ناڕازییە لە هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستتێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە و دەیەوێت لە رێگای سزاکان فشاری تەواو دروستبکات تا تاران لە پەلهاوێشتن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەشیمان بکاتەوە، تارانیش هەم رەتیدەکاتەوە و هەمیش سوورە لەسەر ئەوەی سزاکانی ترەمپ چۆک بە کۆماری ئیسلامی دانادەن.


PM:09:22:07/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌