‌سعودیه‌ چی خسته‌ به‌رده‌م سه‌دام حسێن و پێی رازی نه‌بوو
‌سەدام حسێن، سەرۆکی رژێمی بەعسی روخاو

وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشویی ئوردن بۆ یه‌كه‌مجار ورده‌كاریی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنی و هه‌وڵانه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی ئاشكراكرد كه‌ دوای یه‌ك كاتژمێر له‌ داگیركردنی كوه‌یت له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن داویانه‌ بۆ كشانه‌وه‌ی سوپای عیراق كه‌ له‌ 2ی ئابی 1990 كوه‌یتی داگیركرد.

مه‌روان ئه‌لقاسم، وه‌زیری پێشوی ده‌ره‌وه‌ی ئوردن له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا وه‌ك شایه‌تحاڵێكی روداوه‌كانی داگیركردنی كوه‌یت وتویه‌تی: "له‌وكاته‌دا له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌ی وڵاتانی بێلایه‌ندا بووم و به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیی ئه‌مینداری كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی ئه‌و كاته‌ی وڵاتانی عه‌ره‌ب به‌ناوی شازلی قلێبی، كۆبونه‌وه‌كه‌م بچڕاند".

مه‌روان ده‌ڵێت: شازلی قلێبی پێی وتم كه‌ شێخ سوباح ئه‌حمه‌د جار، میری كوه‌یت هه‌وڵی داوه‌ په‌یوه‌ندیم پێوه‌ بكات و داواده‌كه‌ن بزانن ئه‌و له‌شكركێشییه‌ سه‌ربازییه‌ی عیراق له‌سه‌ر سنور چییه‌".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشوی ئوردن ده‌ڵێت: "هه‌وڵمدا په‌یوه‌ندی به‌ میری كوه‌یته‌وه‌ بكه‌م، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رینوسینگه‌كه‌ی وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: "برام مه‌روان، هیوادارین شا حسێن بن ته‌لال (پادشای ئه‌وكاته‌ی ئودرن) ئاگادار بكه‌یته‌وه‌ شتێك بكه‌ن، چونكه‌ ئێستا به‌ چاوی خۆم تانكه‌كانی عیراق له‌به‌رده‌م هۆتێل شیراتۆن به‌رامبه‌ر باره‌گای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ ده‌بینم".

وه‌زیره‌ ئوردنییه‌كه‌ ده‌گێرَێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "شا فه‌هد بن عه‌بدولعه‌زیز (پادشای ئه‌وكاته‌ی سعودیه‌) شا حسێنی وت كه‌ به‌ سه‌دام حسێن بڵێت سوپاكه‌ی بكشێنێته‌وه‌ و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا چیی ده‌وێت بۆی ده‌كه‌ین".

ئینجا وتی: "شا حسێن له‌ 2ی ئابدا كاتژمێر شه‌شی به‌یانی من و سه‌رۆكی حكومه‌تی بانگكرده‌ نوسینگه‌كه‌ی خۆی و ئینجا ته‌له‌فۆنی بۆ عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح، (سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی یه‌مه‌ن) كرد و دواتر قسه‌مان له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حوسنی موباره‌ك، سه‌رۆكی میسر كرد و پاشان هه‌وڵماندا تا كاتژمێر 12 قسه‌ له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن بكه‌ین".

به‌وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی پێشوی ئوردن، سه‌رۆكی یه‌مه‌ن وتبوی: "من ئاماده‌م ئه‌مه‌ شتێكه‌ پێمان قبوڵ ناكرێت"، ئه‌وكاته‌ش كه‌ شا حسێن قسه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌دام كرد پێی وت: "جه‌نابی سه‌رۆك ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا ده‌بیستین كاردانه‌وه‌ی زۆر خراپتری له‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ پێشبینی ده‌كرێت، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ هه‌ل بدات به‌ ده‌ستوه‌ردان و ئه‌وكاته‌ش باجه‌كه‌ی هه‌مومان ده‌یده‌ین".

وه‌زیره‌كه‌ باس له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی سه‌دام ده‌كات و ده‌ڵێت سه‌دام به‌ شا حسێنی وت: "ئه‌بو عه‌بدوڵا، برایانمان له‌ كوه‌یت به‌ كه‌مترین مه‌رج پابه‌ند نه‌بون كه‌ ده‌بوایه‌ له‌گه‌ڵ وڵاته‌كه‌م پابه‌ندبونایه‌ پێوه‌ن ئه‌و وڵاته‌ی كه‌ به‌رگریی لێكردن، ئه‌وان ئێستا نه‌وتی زیاتر به‌رهه‌م ده‌هێنن، لە ئێستادا ئەوان نەوتی زیاتر لە کێڵگە نەوتییەکانی ڕومێلە دەردەهێنن و پێویستە لێیبکشێنەوە کە دەکەوێتە سنوری هاوبەشی عیراق و کوەیتەوە لە باشورەوە. "

سەدام بە پادشای ئوردنی ڕاگەیاندووە، "بە هیچ شێوەیەک بەغدا جێناهێڵێت و بەمنزیکانە عیزەت دوری ڕەوانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو دەکات کە لە عەممان ساز دەکرێت".

سەدام حسێن لە ساڵی 1990دا لە هێرشێکی کتوپڕدا بەرەبەیانێکی زوو بە هێزێکی سەربازی زەبەلاحەوە هێرشیکردە سەر دەوڵەتی کوەیت و داگیریکرد، دواتریش هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ژمارەیەک لە دەوڵەتانی عەرەبی هێرشیانکردە سەر سوپای عیراق و لەو وڵاتەیان وەدەرنا و سوپا و دامەزراوەکانی عیراق زیانێکی زۆری مادییان بەرکەوت.

دواتریش بە بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەوڵەتی کوەیت و ئەو کەسانە قەرەبووکرانەوە کە بەهۆی داگیرکارییەکەوە زیانیان پێگەیشتبوو، بەشێوەیەک دوای زیاتر لە 27 ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا هێشتا عیراق لەژێر قەرەبووەکانی کوەیت دەرنەچووە.


PM:06:03:07/08/2018














































































































































































































































ئه‌م بابه‌ته 76437 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌