‌مەلا یاسین: هۆشداریمان داوەتە وەبەرهێنەران بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکانیان
‌مەلا یاسین مەحمود

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان هۆشداری دەداتە وەبەرهێنەران بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان و ئاماژە بە بەرزبوونەوەی جوڵەی ئابووری بازاڕیش دەدات.


مەلا یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، ئێستا بازاڕی كوردستان بەڕێژەی 20% تا 30% بەرزبوه‌تەوە و نرخی خانووبەرەش لەبەرزبوونەوەدایە و سێكتەری گەشت و گوزار و پیشەسازی بوژاوەتەوە، كۆمپانیا دەرەكییەكان گەڕاونەتەوە.

ناوبراو روونیكردەوە، لە پاڵ ئەوانەشدا نرخی نەوت بەرز بوه‌تەوە و شەڕی داعشیش بەرەو كۆتایی دەڕوات و پەیوەندییەكانی عیراق و كوردستانیش باشبووە و وتی: "وەبەرهێنەرانی كوردستان لە قۆناغی دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان لەلایەن دەستەی وەبەرهێنەران و ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانەوە ئینزاری قورسیان بۆ رۆیشتووە، چونكە بیانوویەك بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان نەماوە".

بڕیارە ئەمساڵ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوە بچێت، سەبارەت بە كاریگەری هەڵبژاردنەكان و دۆخی ئابووری، مەلا یاسین دەڵێت: "ئەوە دوو لایەنە، راستە هەڵبژاردنەكان سستی دەداتەوە بەجومگەكانی ئابووری، بەڵام هەمیشەش هەڵبژاردن باشە و پڕۆسەیەكی دیموكراسییە و كابینەی نوێ دێنێتە كایەوە، بۆیە چاوەڕوان دەكەین دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كابینەیەكی چالاكتر دەستبەكار بێت".

لێدوانی وتەبێژی وەبەرهێنەران لە كاتێكدایە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە قەیرانی ئابووری رووبەڕووی كوردستان بوه‌تەوە و كاریگەری لەسەر وەستانی پڕۆژەكان كردووە.

هـ. ر


AM:11:28:07/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 12068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێندراو