‌جۆن بۆڵتون هۆشداری‌ ده‌داته‌ ئێران له‌ ئەنجامدانی "گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌"

وێستگه‌ نیوز – راوێژكاری‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا هۆشداری‌ دا له‌وه‌ی‌ داخستنی‌ گه‌رووی‌ هورمز گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه‌ ئێران ئه‌نجامی‌ بدات و له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ ئێران له‌وباره‌یه‌وه‌ "پوچن".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ جۆن بۆڵتون راوێژكاری‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ‌ تۆڕی‌ فۆكس-ی‌ هه‌واڵی‌ وتی‌: "ئێران گه‌رووی‌ هورمز دابخات گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ ده‌كات".

وتیشی‌: "ئه‌گه‌ر ئێران ده‌یه‌وێت دووباره‌ سزكانی‌ ئه‌مریكای‌ به‌سه‌ردا نه‌سه‌پێته‌وه‌، پێویسته‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی‌ سه‌رۆك تره‌مپ بۆ وتووێژ قبوڵ‌ بكات".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ به‌رپرسانی‌ ئێران ده‌توانن ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی‌ تره‌مپ بۆ ئه‌نجامدانی‌ وتووێژ قبوڵ‌ بكه‌ن و به‌ته‌واوی‌ ده‌ستبه‌رداری‌ به‌رنامه‌كانیان بۆ دروستكردنی‌ مووشه‌كی‌ بالیستی‌ و چه‌كی‌ ئه‌تۆمی‌ ببن و به‌ كرده‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌وه‌ بكرێت نه‌ك به‌پێی‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ی‌ له‌ رێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌دا هاتبوو كه‌ له‌ ئاستی‌ خواستی‌ ئه‌مریكا نه‌بوو.

جۆن بۆڵتون جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ "گه‌ر ئێران جددی‌ بێت له‌سه‌ر مێزی‌ گفتوگۆ داده‌نیشێت و ئێمه‌ش ده‌زانین جددین یان نا".

ئه‌م لێدوانه‌ی‌ جۆن بۆڵتون دوای‌ ئه‌وه‌ دێت، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا سزاكانی سه‌ر ئێرانی واژوكرد و بڕیاریشه‌ له‌ سبه‌ینێوه‌ سه‌پاندنی ئه‌و سزایانه‌ جێبه‌جێ بكرێن.

پێشتریش به‌رپرسێكی ئه‌مریكی ڕایگه‌یاند، ئیدارەی ترەمپ بە توندی گەمارۆ دەخاتەوە سەر ئێران و ئامانجیش له‌و هه‌نگاوه‌ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی ئێرانه‌.

وتیشی: "ئێران رێككەوتنی ئەتۆمی لەبەرژەوەندی خۆی قۆستوەتەوە و بەردەوامە لە هەڕەشەكانی لە ئەمریكا ‌و هاوپەیمانەكانی"، ئه‌وه‌شی دوپاتكرده‌وه‌ كه‌ سوپای پاسداران كۆنترۆڵی ئابوری ئێرانی كردوە.

ئه‌وبه‌رپرسه‌ ئه‌مریكییه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، كۆمپانیا بیانییەكان ناتوانن بە ئارامی لە ئێران كار بكەن.

به‌رپرسه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ رونیکردوەتەوە؛ ئیدارەی‌ ترەمپ دەیەوێت وڵاتانی‌ دیکە قایل بکات بەوەی‌ نەوتی‌ ئیران نەکڕن و فشارەکانی‌ سەر ئەو وڵاتە زیاتر بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی‌ بەوەکردوە کە ترەمپ ئامادەیە دیدار لەگەڵ دەسەڵاتدارانی‌ ئێران ساز بکات، ئه‌مه‌ش دوپاتكردنه‌وه‌ی وته‌كانی تره‌مپ بوو كه‌ خۆشی‌ رایگه‌یاندبوو ئاماده‌یه‌ چاوی به‌ به‌رپرسانی تاران بكه‌وێت.


PM:11:20:06/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 8584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێندراو