‌ژنێك هۆكاری گرژه‌ییه‌كانی نێوان كه‌نه‌دا و سعودیه‌یه‌
‌سه‌مه‌ر به‌ده‌وی

وێستگه‌ نیوزـ

به‌هۆی ده‌ستگیركردنی ژنه‌ چالاكوانێكی سعودی له‌ كه‌نه‌د، گرژی كه‌وتوه‌ته‌ نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌، ریاز باڵیۆزه‌كه‌ی كه‌نه‌دای ده‌ركردووه‌ و باڵیۆزی خۆشی له‌ ئۆتاوا بانگهێشت كردوه‌ته‌وه‌.

هۆكاری درووستبوونی گرژییه‌كه‌، تویتێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كه‌نه‌دا بوو، كه‌ تێیدا نیگه‌رانیی خۆی له‌ ده‌ستگیركردنی سه‌مه‌ر به‌ده‌وی، ژنه‌ چالاكوانی سعودی ده‌ربڕیبوو و داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی سعودیه‌ كردبوو ئه‌و خانمه‌ ئازادی بكه‌ن، له‌ به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌تی ریاز تووڕه‌ بووه‌ و به‌ توندی وه‌ڵامی كه‌نه‌دای داوه‌ته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعودیه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌ باره‌ی ده‌ركردنی باڵیۆزی كه‌نه‌دا نوسیویه‌تی: "باڵیۆزی كه‌نه‌دا كه‌سێكی ویستراو نییه‌".

هۆكاری داواكه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كه‌نه‌داش، راگه‌یه‌ندراوێكی رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ بوو كه‌ ناڕه‌زایی له‌ ده‌ستگیركردنی دوو ژنه‌ چالاكوان، به‌ ناوه‌كانی سه‌مه‌ر به‌ده‌وی و نه‌سیمه‌ ساده‌ له‌لایه‌ن سعودیه‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌.

ئه‌وه‌ی زیاتریش جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كرێته‌وه‌ ئه‌م چالاكوانه‌یه‌ به‌ناوی سه‌مه‌ر به‌ده‌وییه كه‌ به‌رده‌وام له‌ دژی پیاوسالاری وڵاته‌كه‌ی راوه‌ستاوه‌ و له‌سه‌ر ئاستی جیهان ناسراوه‌ و له‌ ساڵی 2012، "خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی ژنی بوێر"ی پێ به‌خشراوه‌.

به‌ده‌وی پێشتر سكاڵایه‌كی له‌سه‌ر باوكی تۆماركردبوو‌ و دابویه‌ دادگا و باوكی به‌ ئه‌نجامدانی توندوتیژی جه‌سته‌یی و لێدانی تۆمه‌تبار كردبوو، باسی له‌وه‌ش كردبوو باوكی به‌كارهێنه‌ری مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌ و هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 14 ژن كردووه‌، به‌هۆی به‌هه‌ده‌ردانی پارهش‌ له‌ ده‌ستكه‌وتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر، هیچ كارێكی نه‌ماوه‌.

سه‌مه‌ر به‌ده‌وی، یه‌كێكیش بووه‌ له‌وانه‌ی داوای كردووه‌ ژنان مافیان هه‌بێت خۆیان بۆ ئه‌نجومه‌ن و شاره‌وانییه‌كان كاندید بكه‌ن، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش راگیراوه‌.

له‌ ساڵی 2014، حكومه‌تی ریاز گه‌شتكردنی له‌ به‌ده‌وی قه‌ده‌غه‌كرد، یه‌كه‌م ژنیش بوو له‌ سعودیه‌ داوای كردووه‌ ژنان رێگه‌یان پێبدرێت شۆفێری بكه‌ن و هه‌ڵمه‌ته‌كه‌شی ماوه‌ی 2 ساڵی خایاند.

له‌ ساڵی 2012، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م‌ریكا، به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌ هیلاری كلنتن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و كاته‌ و و میشێل ئۆباما، خانمی یه‌كه‌می ئه‌و كاتی ئه‌مریكا، خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تیی ژنانی بوێری پێدرا.

سه‌مه‌ر، خوشكی رائیف به‌ده‌وییه‌، كه‌ دامه‌زرێنه‌ری تۆڕی لیبراڵی سعودیه‌ كه‌ به‌هۆی چالاكییه‌كانی له‌ بواری مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ساڵی 2014، سزای 10 زیندانیكردنی بۆ ده‌رچووه‌، هاوكات هاوسه‌ری پێشووی سه‌مه‌ر به‌ده‌وی، به‌ناوی وه‌لید ئه‌بوخه‌یر، هه‌ر به‌هه‌مان تۆمه‌ت به‌ 15 ساڵ زیندانیكردن سزا دراوه‌.


PM:08:32:06/08/2018










ئه‌م بابه‌ته 5496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌