‌تره‌مپ سزاكانی سه‌ر ئێران ده‌خاته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌
‌واژوکردنێکی پێشتری سەرۆکی ئەمریکا

وێستگه‌ نیوزـ 

سه‌رۆكی ئه‌مریكا واژوی له‌سه‌ر سزاكانی سه‌ر ئێران كرد و بڕیاریشه‌ سبه‌ینێ سێشەممە 7ی ئابی 2018، سزاكانی سەر ئێران بكەونە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 6ی ئابی 2018، دۆناڵد تره‌مپ، سزاكانی سه‌ر ئێرانی واژوكرد و بڕیاریشه‌ له‌ سبه‌ینێه‌وه‌ سه‌پاندنی ئه‌و سزایانه‌ جێبه‌جێ بكرێت، پێشتریش به‌رپرسێكی ئه‌مریكی ڕایگه‌یاند، ئیدارەی ترەمپ بە توندی گەمارۆ دەخاتەوە سەر ئێران و ئامانجیش له‌و هه‌نگاوه‌ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی ئێرانه‌.

وتیشی: ئێران رێككەوتنی ئەتۆمی لەبەرژەوەندی خۆی قۆستوەتەوە و بەردەوامە لە هەڕەشەكانی لە ئەمریكا ‌و هاوپەیمانەكانی، ئه‌وه‌شی دوپاتكرده‌وه‌ كه‌ سوپای پاسداران كۆنترۆڵی ئابوری ئێرانی كردوە.

ئه‌وبه‌رپرسه‌ ئه‌مریكییه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، كۆمپانیا بیانییەكان ناتوانن بە ئارامی لە ئێران كار بكەن.

به‌رپرسه‌ ئه‌مریكاییه‌كه‌ رونیکردوەتەوە؛ ئیدارەی‌ ترەمپ دەیەوێت وڵاتانی‌ دیکە قایل بکات بەوەی‌ نەوتی‌ ئیران نەکڕن و فشارەکانی‌ سەر ئەو وڵاتە زیاتر بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی‌ بەوەکردوە کە ترەمپ ئامادەیە دیدار لەگەڵ دەسەڵاتدارانی‌ ئێران ساز بکات، ئه‌مه‌ش دوپاتكردنه‌وه‌ی وته‌كانی تره‌مپ بوو كه‌ خۆشی‌ رایگه‌یاندبوو ئاماده‌یه‌ چاوی به‌ به‌رپرسانی تاران بكه‌وێت.


PM:07:20:06/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 2104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌