‌به‌ڤیدیۆ..بومه‌له‌رزه‌كه‌ی ئیندۆنیسیا و كاردانه‌وه‌ی ئیمامی مزگه‌وتێك له‌كاتی نوێژدا
‌ئیمامی مزگەوتەکە

وێستگه‌ نیوزـ

گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی ئیمامی مزگه‌وتێك له‌ ئیندۆنیسیا له‌كاتی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی دورگۆی لۆمبۆك، سه‌دان هه‌زار بینه‌ری له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌بوو.

وه‌ك له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، ئیمامی مزگه‌وته‌كه‌ پێشنوێژی بۆ كۆمه‌ڵێك موسڵمانی ناو مزگه‌وته‌كه‌ ده‌كات و له‌وكاته‌شدا بومه‌له‌رزه‌كه‌ روو ده‌دات، ئیمامه‌كه‌ نوێژه‌كه‌ی نابڕێت و له‌و گوڕه‌ به‌هێزه‌دا ناكه‌وێت و ده‌ستێكی به‌دیواره‌كه‌وه‌ ده‌گرێت و نوێژه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كات.

گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ به‌كامێرای چاودێریی مزگه‌وته‌كه‌ تۆماركراوه‌ و تیایدا چه‌ند هاوڵاتییه‌ك نوێژه‌كه‌یان ده‌بڕن و راده‌گه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وته‌كه‌، هه‌ندێكیش دیكه‌ش هاوشێوه‌ی ئیمام نوێژه‌كه‌ نابڕن و هه‌ندێكیش دێنه‌وه‌ بۆ ته‌واوكردنی نوێژه‌كه‌یان.

به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ستایشی ئه‌و ئیمامه‌یان كردوه‌ و به‌وه‌ وه‌سفیان كردوه‌ كه‌ "باوه‌ڕی به‌هێزه‌".

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 5ی ئابی 2018، بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز دوورگه‌ی لۆمبۆكی له‌ ئیندۆنیسیا هه‌ژاند و به‌هۆیه‌وه‌ 91 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا.

په‌یمانگای جیۆلۆجی ئه‌مه‌ریكی له‌باره‌ی گوڕی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌: "گوڕی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌ 7 پله‌ به‌پێوه‌ری رێخته‌ر زیاتر بووه‌ و لە قوڵایی 10 کیلۆمەتری ژێر زەوی ناوچەکەدا بووە.

هاوكات ئاژانسی روبەڕوبونەوەی کارەساتەکان لە ئیندۆنیسیا رایگەیاند، بومەلەرزەکە لە دورگەیەکی گەشتیاری ڕوویداوە و هۆشداری لە ئەگەری بەرپابوونی تسۆنامی راگەیەندراوە، به‌پێی ئاماره‌كانیش به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ 91 كه‌س گیانیانله‌ده‌ستداوه‌‌.

لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.4 پلە لە هەمان دورگە رویداو و بەهۆیەوە 14 کەس گیانیان لەدەستدا و 162ی دیکەش برینداربوون و زیانیش بە هەزاران خانوو و دامەزراوەکانی ناوچەکە گەیشت.

ئیندۆنیسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کەوتووەتە سەر هێڵی بومەلەرزە و له‌هه‌مانكاتدا ناوچه‌یه‌كی گڕکانیشه‌، به‌وهۆیشه‌وه‌ ساڵانە چەندین بومەلەرزەی بەهێز و مامناوەند تیایدا رودەدات.


PM:04:11:06/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 35604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌