هاوڕێكەی باوكی دەستدرێژیی كردە سەری و دووگیانی كرد

‌رووداوەکانی دەستدرێژی سێکسی لە زیادبوونن

وێستگه‌ نیوز ـ
مامانەكە پارچە پەڕۆیەكی خستبووە نێو دەمی كچەكە بۆ ئەوەی دەنگی دەرنەچێ‌، لە حەوشەی ماڵی مامانەكەش پیاوێك كە لە پەنجاكانی تەمەنیدا بوو، دەهات و دەچوو، هەر كەسێك بینیبای گومانی دەكرد ئەوە باوكی كچەكە بێ‌، بەڵام مامانەكە وتی: "ئەو دێوە ناشیرینە دەستدرێژی كردووەتە سەر ئەم كچە و دووگیانی كردووە". منداڵە كوڕەكەی ناو سكی جوان، تەمەنی پێنج مانگ بوو.


جوان قوتابی پۆلی دەی ئامادەیی بوو، خەونی بەوەوە دەبینی بچێتە زانكۆ و ببێ‌ بە پارێزەر، بەڵام رووداوێكی هاتوچۆ خەونەكەی لە گۆڕ نا، لە رووداوەكەدا باوكی جوان كەوتە سەر كورسیی كەمئەندامی و دایكیشی بینایی لەدەست دا، بۆیە جوان ناچار بوو واز لە خوێندنەكەی بهێنێ‌ و خزمەتی دایك و باوكی بكات.

باوكی جوان كە تەمەنی 43 ساڵە، پێش ئەوەی تووشی رووداوی هاتوچۆ ببێ‌، هەموو بەیانییەك عەرەبانەكەی پڕ لە سەوزە و میوە دەكرد و بە كۆڵانەكاندا دەیگێڕا، بەمەش بژێوی خێزانەكەی پەیدا دەكرد. جوان دەڵێت: "باوكم رۆژانە 10 - 15 هەزار دیناری دەستدەكەوت، ژیانێكی سادەی بێ‌ كێشەمان پێ‌ بەڕێ دەكرد".

دوای ئەوەی باوك و دایكی بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە كەمئەندام دەبن، ئیدی جوان ناچار دەبێ‌ خێزانەكەیان بژیێنێ‌، بۆیە لە كارگەیەكی دروستكردنی نانی تیری دەست دەكات بە كار. جوان دەڵێت "رۆژانە بەبێ وەستان چوار سەعات نانمان دەكرد، مانگانە بە 300 هەزار دینار، كرێی هاتوچۆش لەسەر خۆم بوو، رازی بووم چونكە كەس نەبوو هاوكاریمان بكات".

جوان تەنیا دوو مانگ لە كارگەكە كاری كرد، خاوەنی كارگەكە بە بیانووی ئەوەی بۆنی دەرمانی لێهاتووە، دەریكردووە، دواتر زۆر بەدوای كاردا دەگەڕێ‌ كاری دەستناكەوێ‌.

(ع.م)، تەمەن 45 ساڵ، كە سەوزەفرۆشە، هاوڕێی باوكی جوانە. رۆژێك بە كۆمەڵێك كەلوپەل و پێداویستییەوە سەردانی ماڵی باوكی جوان دەكات. جوان دەڵێت: "یەكەمجار بوو لە ژیانمدا هاوڕێیەكی باوكم بێت بۆ ماڵمان، بەڵام ئەم پیاوە زۆر بەڕێز دیار بوو. پێش ئەوەی بڕوات 90 هەزار دیناری دامێ‌ و وتی بۆخۆتان خەرجی بكەن، منیش وەرمنەگرت، بەڵام دایكم دەنگی هەڵبڕی و دوعای خێری بۆ كرد، تێگەیشتم كە دەڵێت وەریگرە. هەفتانە دەهات سەوزە و میوەی بۆ دەهێناین".

جوان، متمانەی تەواوی بە هاوڕێكەی باوكی پەیدا كردبوو، هەر بە مامە بانگی دەكرد، بەڵام چوونە دەرەوەیەك لەگەڵ ئەو پیاوە هەموو شتێكی گۆڕی. جوان دەڵێت: "مانگی دووی ئەمساڵ پیاوەكە پێیگوتم وەرە دەتبەم بۆ ماڵی خۆمان لەوێ لەگەڵ خێزانم بڕۆن بۆ بازاڕ كەلوپەل بۆ باوك و دایكت بكڕە، منیش بەشەرمێكەوە داواكەم قبوڵ كرد و لەگەڵی رۆیشتم. نەمزانی بۆ كوێم دەبات، لە دەرەوەی شاری هەولێر لە باخێك دایبەزاندم و پێی وتم لێرە دەژین، كاتێك چووینە ژوورەوە دەرگای كلیل دا و پێی وتم من عاشقی تۆ بووم".

جوان زۆر دەپاڕێتەوە، بەڵام سوودی نابێ‌، وەك ئەوەی كەوتبێتە ناو دەمی ئەژدیهایەك و رزگاری نەبێ‌، لەوێ‌ هەڕەشەی لێدەكات یان دەبێ‌ سێكسی لەگەڵ بكات، یان 90 هەزار دینارەكەی بداتەوە. ئیدی جوان تەسلیم دەبێ‌. دواتر ئەمە دەبێتە پیشەی بەردەوامی جوان و لە بەرامبەر چەند هەزار دینارێك لەگەڵ ئەو پیاوە سێكس دەكات.

جوان لەو پیاوە دووگیان دەبێ‌، بەرەبەرە سكی بەرز دەبێتەوە، لە ترسی ئاشكرابوونیان لەگەڵ (ع) بڕیار دەدەن لەلای مامانێك سكەكە لەبار ببەن، بەڵام 10 رۆژ دوای لەباربردنی منداڵەكە، جوان بەردەوام دەبورێتەوە و تووشی خوێنبەربوون دەبێت، بۆیە بە ناچار پەیوەندی بە خوشكە گەورەكەیەوە دەكات و تەواوی چیرۆكەكەی بۆ دەگێڕێتەوە، خوشكەكەشی بەسەرهاتەكە بۆ براكەی دەگێڕێتەوە. براكەشی داوا لە (ع) دەكات بۆ ئەوەی ئابڕووی خۆی و خوشكەكەی نەچێت، بەبێ‌ دەنگی جوان مارە بكات. ئێستا جوان بووەتە هاوژینی هاوڕێكەی باوكی، بەڵام دیار نییە ئەو هاوسەرگیرییە تا كوێ‌ دەڕوات.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 36 حاڵەتی دەستدرێژیی سێكسی تۆمار كراون، كە 16 حاڵەتیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بووە.

سه‌رچاوه‌: رووداو

هــ. ر


AM:10:13:31/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 69338 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو