‌حسێن میسری‌... ئه‌ستێره‌ دره‌وشاوه‌كه‌ی شانۆ و درامای كورد

وێستگه‌ نیوز - مه‌كتوب
منداڵێكی بزێوی گه‌ڕه‌كی شوان، به‌ قژه‌ لوول و ئاڵۆزكاوه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌موو رۆژێك تائێواره‌ گه‌ڕه‌كی ته‌ی ده‌كرد به‌ یاریی و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز. دواتر ئه‌و منداڵه‌ كه‌ گه‌وره‌ش ده‌بێ، ده‌بێته‌ هونه‌رمه‌ندو ده‌رهێنه‌رێكی بزێوی كه‌ركوك و كوردستان هه‌ر به‌ هه‌مان قژی لوول و ئاڵۆزكاو به‌ڵام ئه‌مجاره‌ ته‌نكتر له‌وه‌ی منداڵیی و له‌ بری كه‌ركوك " میسری" ده‌بێته‌ نازناوه‌كه‌ی.

ئه‌و كه‌سه‌ هونه‌رمه‌ندی بلیمه‌ت حسێن ره‌حیم محه‌مه‌د ئه‌مین ناسراو به‌ "حسێن میسری"ـه‌ كه‌ ساڵی 1957 له‌ شاری كه‌ركوك له‌ دایكبووه‌.

حسێن میسریش وه‌كو هه‌زاران كه‌ركوكی ره‌سه‌ن، تاڵاوی سیاسه‌تی ته‌عریبكردن و چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، ژیان له‌ خۆی و خێزانه‌كه‌ی ده‌شێوێنێ و هه‌رزوو نیشانه‌ به‌د و خراپه‌كانی له‌سه‌ر ده‌ر ده‌كه‌وێ یه‌كه‌م زیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناتوانێ خوێندن ته‌واو بكات. به‌ڵام بۆ خۆی كۆڵ نادات و خۆی فێره‌ خوێندن و نووسین ده‌كات به‌ زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و كوردی.

دوای فێربوونی خوێندن و نووسین، ئیتر نۆره‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و شتانه‌ دێت له‌گه‌ڵ زه‌وق و سه‌لیقه‌ی حسێنی گه‌نجدا ده‌گونجێ. بێشك ئه‌ویش هونه‌ری شانۆ و نواندنه‌.

میسری بۆچی؟


ره‌نگه‌ تا خۆیشی له‌ ژیاندا بوو، ده‌یانجار ئه‌م پرسیاره‌ی لێكرابێ، ئایا كوڕێكی كه‌ركوكیی له‌ سلێمانی ژیابێ، پاشگری "میسری" واتای چیه‌؟

حسێن له‌ ته‌مه‌نی 20 ساڵیدا واتا ساڵی 1977 بۆ به‌شداری له‌ كۆرسێكی شانۆییدا، سه‌ردانی وڵاتی میسر ده‌كات. دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك، ئیتر نازناوی "میسری" بڕا به‌سه‌ر حسێنی كه‌ركوكدا و بۆ هه‌میشه‌ ئه‌م پاشگره‌ی پێوه‌ لكا.

له‌ ژیانی هونه‌ریدا ساڵی 1973 بۆ یه‌كه‌مجار له‌ شاری موسڵ له‌ شانۆیی (من الذی قتل الوحش) وه‌كو ئه‌كته‌ر به‌شداری كردووه‌، له‌ نووسینی عه‌لی سالم و عه‌دنان جویدجاتی بوو. دوای ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ ئه‌ندام له‌ (تیپی شانۆی ئه‌زومونگه‌ری كه‌ركوك) دا و له‌وێوه‌ درێژه‌ به‌ ئه‌زموونی شانۆیی خۆی ده‌دات.

له‌ بواری شانۆدا ته‌نیا له‌ رۆڵبینیندا وه‌كو ئه‌كته‌ر نامێنێته‌وه‌، به‌ڵكو بۆ خۆی ده‌بێته‌ ده‌رهێنه‌ر و كاری ده‌رهێنان بۆ ده‌یان ده‌قی شانۆیی ده‌كات له‌ناو كه‌ركوكدا. به‌ڵام ساڵی 1985 به‌ زه‌بری سیاسه‌تی ته‌عریب له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئه‌و كاتی عیراقه‌وه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌ شاری كه‌ركوك دوور ده‌خرێنه‌وه‌ و له‌ شاری سلێمانی جێگیر ده‌بن و تا رۆژی مردنی هه‌ر له‌و شاره‌دا مایه‌وه‌ میسری.

له‌ بواره‌كه‌ی خۆیدا، هه‌میشه‌ مۆته‌كه‌ی سیاسه‌تی ره‌تكردنه‌وه‌ و سڕینه‌وه‌ به‌ زه‌قی ده‌بینرا و هه‌وڵی ده‌دا به‌ هونه‌ر دژی ئه‌و سیاسه‌ته‌ بووه‌ستێته‌وه‌. حسێن میسری ئه‌گه‌رچی سیاسی نه‌بوو به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یتوانی ئه‌و مۆركه‌ سیاسییه‌ له‌ كاره‌كانی دوور بخاته‌وه‌ كه‌ به‌بۆنه‌ی كوردبوون و كه‌ركوكیبوونییه‌وه‌ تاڵاوی زۆری له‌سه‌ر چه‌شتبوو.

كاتێكیش ساڵی 1985 له‌ شاری سلێمانی گیرسانه‌وه‌، حسێن میسری زۆر به‌زوویی تێكه‌ڵی ناوه‌نده‌ هونه‌ریی و درامییه‌كه‌ی ئه‌م شاره‌ بوو، هه‌رزوو نه‌ك جێی خۆی كرده‌وه‌، به‌ڵكو بوو به‌ناوێكی دره‌وشاوه‌ و نكوڵی لێنه‌كراو.

په‌ڕینه‌وه‌ به‌ره‌و دراما

كۆتایی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو بۆ حسێن میسری، سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنی دنیایه‌كی تربوو له‌ناو دنیابه‌رینه‌كه‌ی هونه‌ری نواندن دا ئه‌ویش ده‌رهێنانی چه‌ندین درامای ته‌له‌ڤزیۆنیی بوو كه‌ له‌ كاتی خۆیدا بینه‌ر و ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری هه‌بوو به‌ناوبانگترینیان ( زنجیره‌ درامای خۆرنه‌وازان به‌ دوو زنجیره‌ ساڵی 1999، زنجیره‌ درامای خه‌ونی چۆله‌كه‌كان ساڵی 2001، زنجیره‌ درامای ره‌شه‌ی پۆلیس ساڵی 2002، زنجیره‌ درامای حه‌سه‌نه‌ فه‌نی ساڵی2003، زنجیره‌ درامای جومعه‌ ساڵی 2004) له‌گه‌ڵ چه‌ندین شانۆ و درامای كورتی دیكه‌دا

ئێواره‌ی رۆژی 31ی ئایاری 2009 به‌ جەڵتەی دڵ له‌ شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد و هه‌ر له‌و شاره‌ به‌ خاك سپێردرا.


PM:05:47:24/07/2018








ئه‌م بابه‌ته 1604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌