شوانی گامێشه‌ زه‌به‌لاحه‌كان


وێستگه‌ نیوزـمه‌كتوب

لە لێواری چەمی خاسەدا لە خوارووی شاری کەرکوک، هەزاران گامێش بەخێو دەکرێن، شوان و رێبەری ئەو گامیشانە بۆ مەلەو لەوەڕاندن منداڵانێکن کە بۆ خۆیان لەناو گامیشەکاندا ون دەبن بەهۆی بچووکیانەوە!

لە سەرەتای ساڵی 1970 بنەماڵەی حازمی تەمەن 15 ساڵان لە شاری بەغداوە هاتوونەتە دەوروبەری کەرکوک و لەو کاتەوە تائێستا خەریکی بەخێوکردنی گامێشن، حازم نە بە باڵا نە بە تەمەن هی ئەوە نییە کە شوانی گامێش بێت، بەڵام چەند ساڵێکە ئەم منداڵە هەموو رۆژێک گامێشەکان دەباتە لێواری چەمی خاسەو دەیانگەڕێنێتەوە بۆ ماڵەوە.

لەناو ئەو بنەماڵانەی كه‌ لە خواروی کەرکوک گامێش بەخێو دەکەن، نەریتێکی ئاساییە منداڵان لە بری خوێندن شوانی بکەن، به‌ڵام شوانی بۆ كام ئاژه‌ڵ، شوانی ئاژەڵانێک کە زۆر زەبەلاحن.

لەدوای هەڵاتنی خۆر و دۆشینی گامێشەکان، ئیتر منداڵەکان بە هاتوهاوار دەکەونە دوای گامیشەکان و بەرەو چەم و گۆماوەکان دەیانبەن. ئەگەر کەسێک تازە بچێتە لای ئەوان، سام و ترس دایدەگرێ کاتێ شاخی ئەستوور و گەورەو لەشولاری زەبەلاحی گامیشەکان دەبینێ. بەڵام منداڵانی ئەوێ بە تەواوی راهاتوون و هاوینان لە نزیکی ئەوان مەلە دەکەن.

منداڵەکان تا نیوەڕۆ چاودێری گامیشەکان دەکەن کە لەناو گۆماوەکاندا خۆیان دخوسێنن. نیوەڕۆ بەرەو ماڵ دەیانبەنەوە تا جارێکی دیکە بدۆشرێن. ئەم هاتنوچوونە هەموو رۆژێک دووبارە دەبنەوە، تەنانەت نزیکی گۆماوەکان بووەتە گۆڕەپانی یاریکردن بۆ ئەوان.

منداڵەکان لەبەر ئەوەی ژیانێکی تریان نەبینیوە بێجگە لە شوانیی، گلەیی ناکەن لەوەی ئێستا هەیانە. بەهۆی کارەکەشیانەوە شارەزاییەکی باشیان پەیدا کردووە لە چۆنێتی بەخێوکردنی گامێشدا.

حازمی تەمەن 15 ساڵان بۆ پەیامنێری مەکتوب وتی:" گامیش زۆر حه‌زی بەوەیە لەناو ئاودا بمێنێتەوە، له‌ به‌یانییه‌وه‌ تا شه‌و، دوو تا سێ جار ده‌یانبه‌ین بۆ لێواری چه‌می خاسە."

لێرە شتێک نییە ناوی چاودێری تەندروستیی بێت، منداڵان بەو جلوبەرگەی کە لە نزیکی گۆماوەکان شوانیی پێوە دەکەن و رۆژ تائیوارە لەگەڵ گامێشەکانن، هەر بەو جلانەوە نان دەخۆن و دەنوون، ئەمەش وا دەکات هەمیشە مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌ندروستییان هه‌بێت.

حازم لەمبارەیەوە دەڵێت: خۆم  وهاوڕێکانم زۆربەمان زوو زوو نەخۆش دەکەوین،  لەم ناوچەیەی ئێمە چاودێریی تەندروستی لەلایەن حکومەتەوە هەر نییە.

له‌ لێواری چه‌می خاسه‌ نزیكەی 80 ماڵێک هەن کە زۆربەیان خزمی یەکترن و گامێش بەخێو دەکەن، ژمارەی ئەو گامێشانەی بەخێویان دەکەن گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بەڵام بە گشتی نزیکەی هەزار سەر گامێشیان هەیە، زۆربەی شوانیی ئەو گامێشانەش لە ئەستۆی منداڵاندایە.

ئەحمەد پیاوێکی بە تەمەنە و نزیکەی 30 ساڵە گامێش بەخێو دەکات، سەبارەت بە رەوشی منداڵەکانیان وتی: " نەخۆشی زۆر لەناو منداڵەکانماندا بەربڵاوە چونکە چاودێریی تەندروستی لە ئێمە ناپرسێتەوە."

بەرهەمی سەرەکی گامێش قەیماغە کە لە بازاڕەکانی عیراقدا هەمیشە نرخی بەرزترە لە بەرهەمی شیرەمەنی ئاژەڵەکانی تر، ئەو گامێش بەخێوکەرانەی قەیماغ دروست ناکەن، هەر بە خاوی شیرەکەی دەفرۆشن، هەر گامیشێک لە رۆژێکدا  4 بۆ 10 کیلۆ شیری هەیە، ئەو منداڵانەی کە رۆژ تائێوارە شوانی گامێشەکانن، هیچ شتێکی تایبەتیان دەست ناکەوێ مەگەر ئەوەی لەناو خێزانەکەیاندا پێکەوە بیخۆن.

ئەو لایەنە حکومییەی کە دەبێ چاودێریی رەوشی تەندروستی گامێش و بەخێوکەرانی بکات، فەرمانگەی کشتوکاڵە. بەڵام لەبەر ئەوەی لە بەغداوە لێدوانیان لێ قەدەغە کراوە، بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی کەرکوک ئامادە نەبوون سەبارەت بەوان قسە بکەن.

بە گشتی ئێستا لە پارێزگای کەرکوک  13 هه‌زار سه‌ر گامێش هه‌ن‌ و بەخێو دەکرێن، بەرهەمی رۆژانەی ئەوان سەدان تۆن شیرە، بەڵام چونکە خەڵکەکە خۆی بە هەڕەمەکی بەرهەمی دەهێنن. نەتوانراوە قازانجێکی باش لەو بەرهەمە گرنگەی ئاژەڵدارانی ناوچەکە وەربگیرێ و بەرهەماکانیان بە شێوەیەکی مۆدێرن لە قوتو بنرێ و بخرێنە بازاڕەوە.


PM:03:58:21/05/2018










ئه‌م بابه‌ته 12842 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو