بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە کەرکوک منداڵێکی پێنج ساڵان کوژرا

‌دوای حەفتەیەک لە کوژرانی هەرێم هێشتا هیچ رێوشێنێکی یاسایی نەگیراوەتەبەر


وێستگه‌نیوز- مه‌كتوب
دوای ئەوەی ئێوارەی ١٥ی ئایار ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ئاشکرا کرا، هەرێمی تەمەن پێنج ساڵان لەگەڵ دایک و باوکی خۆی دەچن تا بەشداری خۆشیی دەربڕینی لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بکەن. بەڵام لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە لە گەڕەکی شۆریجە تەقەیان لێدەکرێت و هەر لەوێدا هەرێم گیان لە دەست دەدا و باوکیشی بریندار دەبێ.

غەمبار محەمەد باوکی هەرێم کە لەو رووداوەدا برینداربووە و لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی چارەسەری پزیشکی وەرگرت. سەبارەت بە تەقەکەردن لێیان لەلایەن ئەو هێزە ئەمنییەوە بۆ ماڵپەڕی مەکتوب وتی: " سەرەتا من  وهەرێم و دایکی چووین بۆ بەشداری لە ئاهەنگی یەکێتی لە نزیکی قەڵا. دوای ماوەیەکی زۆر مانەوە لەناو قەرەباڵخییەکەدا، دایکی هەرێم داوای کرد بگەڕێینەوە ماڵەوە. چووینەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام من  وهەرێم جارێکی تر گەڕاینەوە بۆ ئەوەی بچینەوە بۆ ئاهەنگەکە."

بەقسەی باوکی هەرێم، لە رێگادا دەکەونە ناو مەفرەزەیەکی (هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی تیرۆر)ی سەر بە سوپای عێراق لە گەڕەکی شۆریجە و رایان دەگرن. داوایان لێدەکەن کە بگەڕێنەوە و نەچن بۆ ئاهەنگەکە چونکە ئەو مەفرەزەیە رێگەیان نەداوە ئەگەر ئوتۆمبیلێك خێزانی تیا نەبێ بچێ بۆ ئاهەنگەکە.

" داوایان بگەڕێمەوە و بڕێک قسەیان کرد بە توڕەییەوەو سوکایەتیان پێکردم، بە توندی کیشایان بەسەر بۆنیدی ئوتۆمبیلەکەمدا و هەر جنێویان دەدا، دواتر ئیزنیانداین بڕۆین زۆر دوور نەکەوتبووینەوە لەناکاو لەلایەن سەربازەکانەوە دراینە بەر دەستڕێژی گولـلە. من تەنیا بینیم قۆڵم خوێنی لێدێت، نەمزانی بوو هەرێمیش بەرکەوتووە. ئیتر بێهۆش کەوتم و نازانم چی روویدا" باوکی هەرێم وای وت.


ئەو ئێوارەیە مەفرەزەکەی بەرپەرچدانەوەی تیرۆر، هەموو ئەو ئوتۆمبیلانەیان دەپشکنی کە لەو ناوچەیە هاتوچۆیان دەکرد. لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی هاتبوونە ئەو گەڕەکە، قەرەباڵخی زۆر دروست بوو بوو.

شیرین عه‌دنان‌ دایكی  هه‌رێم دوای ئاگادارکردنەوەی لە رووداوەکە، خێرا خۆی دەگەیەنێتە نەخۆشخانە و لەوێ دەبینێ تەرمی کوڕە پێنج ساڵانەکەی لە تەنیشتی مێردە بریندارەکەیدا دانراوە. ئەویش لەسەر زاری شایەتحاڵەکانەوە دەڵێ: سوپای عێراق کوڕەکەیان کوشتووەو ئامادە نییە لە خوێنی کوڕەکەی خۆش ببێ. بۆیە داوا دەکات ئەو سەربازانەی لە خۆوە تەقەیان کردووە، دەبێ بدرێنە دادگا.

شایەتحاڵەکان چی دەڵێن

چەند شایه‌تحاڵێك كه‌لە نزیکی رووداوەکە بوون  بۆ ماڵپەڕی مەکتوب ئاماژە بەوە دەکەن، چاویان لێی بووە کە هێزەکەی سوپای عێراقه‌ ئوتۆمبیلی هاوڵاتیانیان راگرتووە. لەناکاو دەنگی تەقە دەبیستن کە ماوەیەکی زۆر دەستڕێژ دەکەن، دواتر خەڵك دەچنە سەر ئوتۆمبیلەکە باوکی هەرێم و لەوێ دەبینن ئەو منداڵە کوژراوە و باوکیشی بریندار بووە.

هێمن ناوی خوازراوی یه‌كێك له‌ شایه‌تحاڵه‌كانی نزیك روداوه‌كه‌یه‌ بۆ مه‌كتوب وتی :" له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم به‌ره‌و شۆریجه‌ به‌رێكه‌وتین تابەشداری ئاهەنگەکە بکەین، ئوتۆمبێلم لیده‌خوڕی گوێم له‌ ده‌نگی تەقەکردنێکی زۆر بوو، سه‌ره‌تا وامانزانی ته‌قه‌ی خۆشیه،‌ به‌ڵام زوو ده‌ركه‌وت  له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئەمنییه‌كانه‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ ئوتۆمبێلێكی مه‌ده‌نی كراوه. ته‌قه‌كردنه‌كه‌ ماوه‌ی 2 خوله‌ك زیاتری خایاند. دوای ته‌واوبونی ته‌قه‌كان هێزه‌كه‌ به‌ خێرای شوێنه‌كه‌یان جێهێشت، خه‌ڵكی به‌په‌له‌ گه‌یشتنه‌ سه‌ر ئوتۆمبێله‌كه‌ ولاشه‌ی منداڵه‌كه‌ و   باوكی كه‌ به‌ سه‌ختی بریندار بوو دەرهێنران و  به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ گوازرانه‌وه."

پۆلیسی کەرکوک لەسەر زاری وتەبێژەکەیەوە دەڵێ، هێشتا کەسوکاری ئەو منداڵە کوژراوە لە هیچ بنەکەیەکی پۆلیس سکاڵایان تۆمار نەکردووە. بۆیە ئەوان ناتوانن لێکۆڵینەوە لەو کیشەیەدا بکەن تا شەکوا دەچێتە بەردەستیان.

ئەفراسیاو کامیل وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک بۆ مالپەڕی مەکتوب وتی: " هەرکاتێ بنەماڵەی ئەو منداڵە کوژراوە لای پۆلیس سکاڵایان تۆمار کرد، ئەو کاتە رێوشوێنە یاساییەکانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەگرینەبەر."

سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەهۆی ئەوەی کە کارەکانیان لە ئەنجومەن وەستاوە، نەیانتوانیوە بەدواداچوون بۆ کوشتنی ئەو منداڵە تەمەن پێنج ساڵانە بکەن. جوان حەسەن بۆ مەکتوب وتی: " ئاگاداری ئەو کیشەیە هەین، بەڵام لەبەر ئەوەی کارەکانمان لەدوای مانگی ١٠ی ساڵی رابردوو راگیراوە، هیچمان پێنەکراوە."

تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکان لە هاوڵاتیانی سڤیل لە کەرکوک وەکو شارەکانی تری عێراق، حاڵەتێكی تازە نییەو تائێستا چەندین هاوڵاتی مەدەنی یان کوژراون یان برینداربوون بەهۆی تەقەکردنی ئەو هێزانەوە. بەڵام کەمترین لێپرسینەوە لەمبارەیەوە نەکراوە.


PM:03:25:21/05/2018






ئه‌م بابه‌ته 9162 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو