‌كاندیدەكان لە ژمارە 13 دەترسن ؟
‌به‌رده‌م باره‌گای‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌شاری‌ سلێمانی‌.. فۆتۆ وێستگه‌ نیوز

وێستگه‌ نیوز- رووداو

"من بە ژمارەیەكی شووم وەرمنەگرتووە، ئاسایی بوو بەلامەوە بەو ژمارەیە بچمە نێو هەڵبژاردنەوە، بەڵام لەسەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە هێرشێكی شوومیان كردە سەرم"، پاڵێوراوی ژمارە 13ی پارتی لە سلێمانی، یەكەم كاندیدی ژن بوو لە باشووری كوردستان كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بە بڵاوكردنەوەی وێنە تایبەتەكانی، رووبەڕووی هێرش بووەوە.

بەڵام ئایا ئەو گێژاوەی ئەوی تێكەوت، پەیوەندی بە ژمارەكەیەوە هەبوو لە لیستەكەدا؟ چونكە تاوەكو ئێستاش لە كولتووری هەندێك لە گەلاندا ئەو ژمارەیە لە ریزی ژمارەكانی دیكە براوەتە دەرەوە و بە ئاسایی سەیری ناكرێ. 

د.هێشوو رێبوار كە هەر لە رۆژە بەراییەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، دەبوو لە جیاتی قسەكردن لەسەر پرۆژەكانی خۆی روونكردنەوە بدات لەسەر ئەو وێنانەی بڵاوكراونەتەوە، ئه‌و به‌ رووداوی‌ ڕاگه‌یاندووه‌: "راستە ئەو وێنانە هەوڵێك بوون بۆ ئەوەی كێشەم بۆ دروستبكەن، بەڵام ئەو هەوڵانە شكستخواردوون و ترسە لەوەی كە دەنگدەرێكی باشمان هەیە". گوتیشی " ئەوە دەستبردن بوو بۆ كۆمەڵێك فایلی تایبەتی و كەسیی من بۆ ئەوەی بە خراپ بشكێتەوە بەسەرمدا، بەڵام من پێموایە نەخۆم شوومم و نە ژمارەكەشم".

لەنێو هەندێك كولتوور و كۆمەڵگەدا ژمارە 13 چیرۆكی زۆری لەبارەوە دروستكراوە. زۆربەی چیرۆكەكانیش وایان لە خەڵك كردووە پێشوازی لێنەكەن. تەنانەت لە كوردستانیش خەڵك سڵ لەو ژمارەیە دەكەنەوە و خۆشیان ناوێ. دەگوترێت، هەریەكە لە ناپلیۆن و كریستۆفەر كۆڵۆمبس و چەرچڵ، زۆر لەژمارە 13 ترساون. یان بەشێكی زۆر لە یاریزانەكانی تۆپی پێ حەز ناكەن ئەو ژمارەیە بخرێتە سەر درێسەكانیان، تەنانەت ئەو جۆرە تێگەیشتنە بازی داوەتە نێو سیاسەتیشەوە.

پاڵێوراوی ژمارە 13ی یەكێتی لە پارێزگای سلێمانی، دان بەوەدا دەنێ كە ژمارەكە شوومە "ژمارەكە لەسەرەتاوە لێیدام، چونكە بەهۆی نەخۆشكەوتنەوە لە لیستەكەم كشامەوە". ئێستا بەهۆی كشانەوەی بەفراو ئەحمەد، لیستی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پاڵێوراوی ژمارە 13ی تێدا نەماوە. ئەو دەڵێ لەكاتێكدا لە لیستەكە كشاوەتەوە كە زۆر كاری كردووە و زۆر كەسیش بەڵێنیان پێداوە دەنگی بدەنێ‌ " بەهۆی نەخۆشییەوە نەمتوانی كار بۆ سەرخستنی خۆم بكەم و كشامەوە".

بەڵام دكتۆر حوسێن شەفیق، دەیەوێ بەربەرەكانێ لەگەڵ ئەو تێگەیشتنە باوە بكات و بەو ژمارەیەوە لەنێو ململانێی سەختی هەڵبژاردن و بانگەشە ئاگرینەكەیدا بەردەوام بێ. هەرچەندە نایشارێتەوە ئەگەر لە سەرەتاوە بەویستی خۆی بووایە، ئەوا ژمارەیەكی دیكەی هەڵدەبژارد "لەگەڵ ئەوەشدا من رازیم بە ژمارەكە، بەڵام من دەمەوێت بیسەلمێنم ژمارە 13 شووم نییە، بەڵكو ژمارەی بەختە"، پاڵێوراوی ژمارە 13ی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی وا دەڵێ. 

بەڵام ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەیەوێ بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی چوار ساڵ لەمەوبەری خۆی بە پاڵێوراوە ژمارە 13 كان بڵێ، بۆچوونی خۆتان لەو بارەیەوە بگۆڕن و ژمارەكان وەك یەك تەماشا بكەن " من لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014 پاڵێوراوی ژمارە 13 ی لیستی پارتی بووم لە هەولێر، لەنێو سەنتەری پارێزگای هەولێر زۆرترین دەنگم هێنابوو، بۆیە وای نابینم ئەو ژمارەیە بەو شێوەیە بێت كە خەڵك باسی دەكەن". د. تاریق رەشید، وایگوت.

بەڵام لەو هەڵبژاردنەی كە د.تاریق باسی دەكات، لەنێو هەموو لیستە كوردستانییەكانی بەشداربووی ئەو هەڵبژاردنە لە هەر چوار پارێزگاكەی باشووری كوردستان، تەنیا ئەو گەیشتە پەرلەمان.

هێشتا بڕوا و بۆچوونی بەشێك لە خوێندەوارەكانی كوردستان ئەوەیە كە ئەوە ژمارەی نەهاتی و نەهامەتییە. ئەنوەر برزۆی كتێبفرۆش، وەك خۆی دەڵێ قژی لەنێو كتێبدا سپی كردووە و ئاگای لە ژیانی رۆژانەی خەڵكی شارەكەیەتی، ئەو پێیوایە تاوەكو ئێستا خەڵكی وابەستەی دابونەریتە كۆنەكانە "هەموو رۆژەكان و ژمارەكان لای من یەكە،  بەڵام خەڵكی سیاسی و رووناكبیر و خەڵكێكی زۆر كە خۆی بەعاقڵ دەزانێ، باوەڕی وایە ژمارە 13 شوومە".


AM:10:10:27/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 26296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو