‌ به‌وێنه‌: ماڵی پێستە فرۆشەکە

وێستگه‌ نیوز- بڕوا بەرزنجی

ئێمە ئێستا لە ماڵێکی گەورەو کۆنین، کە تێیدا نزیکەی یەک ملیۆن وشە بۆ جیهان و مرۆڤایەتی بەرهەمهاتوو بەجێما، ماڵی ولییەم شەکسپیر لە شارۆچکەی ستراتفۆردی شانشینی یەکگرتوو"بەریتانیا".

ئێستا نیوەڕۆی یەکەمین چوارشەممەی مانگی سێیە، من و هاوڕێی بەڕێز؛ دلێری نەحات"ئالان دڵشاد" ، لە شارۆچکەی ڕێددیچەوە لە دوری سی و پێنج خولەکە بە ئۆتۆمبێل بەڕێوەین بۆ سەردانیکردنی ماڵی شەکسپیر لە شارۆچکەی سترادفۆرد.

ئالان، باسی سەردانیکردنی پێشوی بۆ ئەو مۆزەخانەیە لەگەڵ جۆرجینای ژنی و دوو منداڵەکەی و خوێندنەوەی کارەکانی شەکسپیر لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانیt سلێمانی دەکات، کاتێک لەوێ خوێندکار بوە. منیش سروشتی ناوچەکە لە جامی ئۆتۆمبێلەکەوە خەیاڵی بردوم بۆ دورترین ڕۆژگارەکانی ئەم جوگرافیایە. سروشتێک پڕ بە بۆنی ڕابردوی خۆی تەنانەت بە حیلەی ئەسپەکانیشیەوە.

شارۆچکەی سترادفۆرد، سەر بە پارێزگای ۆرکەشێر، سیانزە کیلۆمەتر لە باشوری خۆراوای ئەو پارێزگایەیە. ١٦٣ کیلۆمەتر لەباکوری خۆراوای لەندەنی پایتەختیشە.

ئەو نیوەڕۆیەیی ئێمە بەڕێکەوتین، هەفتەیەک زیاتر بوو شەپۆلێکی سەرماو بەفری زۆر لە ڕوسیاوە ڕوی لە بەریتانیا کردبوو، کە تەنانەت هاتوچۆو ژیانی ئاسایی لە زۆر شوێن وەستاندبو، سەرماکە بەڕادەیەک کاریگەربوو، هەر زوو ناوییان نا"دێوە بچکۆلەکەی ڕۆژهەڵات". بەڵام ئەو ڕۆژە بەخت یاوەری ئێمە بوو، ڕۆژێک بەتامی بەهاری کوردستان، خۆرەتاوو ڕوناک و پاک و ڕون، بە تولەڕێگایەکدا ڕۆیشتین لەبەینی ئەو خانوانەی بە بینینیان دەیانبردیتەوە بۆ ڕۆژگاری شەکسپیر، بەم خانوە کۆنانە، کە بۆنی ژیان و شارستانیاتیان لێیەت، دەڵێن :ڤیکتۆریا هاوس"، وەک ئاماژەیەک بە سەردەمی کوین ڤیکتۆریا، چونکە لەو ڕۆژگارەدا دروستکراون.

پاش، زیاتر لە نیو کاتژمێر ئێمە گەیشتینە ئەم شارۆچکەیە، شارۆچکەیەکی بچوک و دڵگیر. هەموشتێک بۆنی ڕابردوی لێیەت، بۆنی کاروانسەرای قافڵەی وڵاتان و نەتەوە جیاوازەکان، بۆنی فیستیڤاڵی شانۆیی سەر شەقامەکان. بچوکە بەڵام پڕ لە خەڵک، هەر بە دەموجاویاندا جوگرافیاو نەتەوە و زمانی جیاواز دەبینیت، هەموان ڕویان لە سەنتەری شارۆجکەکەیە، چونکە ئەوەی بۆی هاتون لەوێیە، ماڵی زشەکسپیر.

ئێستا ئێمە خەریکە دەجینە ناو ئەو خانوەی کە شەکسپیر تێیدا لە دایک بوەو خۆی و خوشک و براکانی یاریان تێیدا دەکرد و ژیانی منداڵی و هەرزەکاری و سەرەتایی نوسەربون و شانۆییەکانی تێدا بەسەربرد. هەر لەم ژورو ڕاڕەوانەدا مندالەکانیشی لە دایک بوون.

ماڵێکی گەورە، کەزیاتر لە کاروانسەرای میر و پادشا کۆنەکان دەچێت، لە شەقامی هێنلی لە ناوجەرگەی ستارتفۆرد.

ئەم ماڵە، کە هەم مۆزەخانەیەو هەم سەنتەرێکی توێژینەوەو هەم هۆڵی شانۆیی و خوێندنگەیی شانۆیی، دەبێت پێشتر تکتت بڕی بێت، یاخود یەکەمشت بچیت لەبەشی پێشوازی تکت ببڕیت. کە چەندان کوڕ و کچی گەنج و کەسانی بەتەمەن، وەک کارمەند لەوێ کاردەکەن.

ئێمە تکتمان پێبو، بەڵام بەو نیوەڕۆی چوارشەممەیە، لەو شارۆچکە دورەی لە پایتەخت، دەبوو سەرەبگریت بۆ چونە ژورەوە. لەپێش ئێمەوە سێ خاتونی چینی هەبو، دواتر ژن و پیاوێکی یابانی و ئینجا دەیان نەتەو و وڵاتی جیاواز، تا دەگات بە ئێمەی بێ وڵات و ناسنامە. کە تەنها شت ڕۆحی وشەکانی ولییەم کۆیکردبوینەوە، ئەو منداڵەی شەکسپیری پێستەفرۆش، کە لەساڵی ١٥٦٤ لێرە لەژورێکی سەرەوەی ئەم ماڵەدا لە نزیکی کورەیەکی ئاگر لە دایک بوو.

لەهەر ژورێکی ماڵەکە کەسێک بەجل و بەرگ و ڕوخساری ئەو ڕۆژگارەوە پێشوازیت لێدەکات و زانیاری تەواوت پێدەڵێت. کە شێوازیی خۆیان و قسەکردن و جوڵەیان، هەستێکت ئەیاتێ کە تەماشایی ئەکتەرێک لە شانۆییەکی شەکسپیر بکەیت لەو دەمەی خۆیدا. دەکرێت بڵێم بەڵێ دەتوانی سەیری شانۆییەکی بکەیت بەتامی ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی ولییەم، چونکە لەنێو باخە گەورەکەیدا چەند سەکۆیەکی جیاواز هەیە بۆنمایش. کە ئەکتەرانی شانۆ، نمایشی کورت لە کارەکانی شەیکسپیرەوە نمایش دەکەن و میوانان ڤیدیۆ و فۆتۆدەگرن و لەدەموچاوی هەر کەسێکدا گەڕانەوەیەکی دور دەبینیت.

بەشێکیتر لەم مۆزەخانە، پانۆرامایەکە لە تابلۆی جیاوازیی شەکسپیر، بە دەستی هونەرمەندانی جیاواز، لەیەکەمین پۆترێتییەوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە سەدەیەک لەمەوپێش، دواتریش دەبێتە شێوەیەکی واقعی بۆ ولییەم،چونکە فۆتۆ نەبوە لەوڕۆژگارەدا، تا دەگات بە دواهەمین پۆترێتی لە ساڵی ٢٠١٧دا بە شێواز و جلو بەرگێکی"ڕاپە"وە. کە وەک هونەرمەندێکی ڕاپ پیشاندراوە.
هەروەک دەیان "مەدالیایی ڕلیف" کە شاکارەکانی وەک ڕۆمیۆ و جولێت و ماکبێس و ئەوانیتری لەسەر نەخشێنراوە. بێگومان دەست نوسی خۆیشی لەچەند شوێندا دەبینیت، بە ئینگلیزییەکی کۆن و دەست و خەتێکی تێکەڵ کە زیاتر لە نوسینی یابانی دەچێت نەک ئینگلیزی ئەمڕۆ.

ولییەم، لەنێو خوشک و براکانیدا کە لە خۆی بجوکتر بوون گەورە دەبێت، ئەوانیش" ئادمان، ڕیچارد، گالبێرت و ئاناو جوان". ولییەم هەرزەکار دەبێت کە ئانای خوشکی لە تەمەنی حەوت ساڵیدا دەمرێت و ڕوداوێکی کاریگەر دەبێت بۆی.

گالبێرتی برای، زۆر نزیک بوو لێی، چونکە پێکەوە چونە خوێندنگەو هەمیشەیش هاوکاری ولییەم بوو.

ولییەم شەکسپیر، بەدەر لەوەی چی داهێنەرێکی گەورە بوە، عەقڵێکی باشیشی هەبوە بۆ کار و کاسبی و کەسێکی دەوڵەمەند بوە.

وەک پاداشتێک بۆ ئەم برا لە باشترین شوێنی شارۆچکەکە، سەد و حەوت ئەیکە "ئەیکە، پێوانەی ئەوکاتە بۆ زەوی کڕین و فرۆشتن، کە هەر ئەیکەیەک چوار مەتر دووجایە"، زەوی کڕی و لەسەر گرێبەستی کڕینەکە نوسراوە"کڕدراوەو مۆرکراوە بۆ گالبێرت".

تەماشاکردنی شانۆیی گەشتیارەکان، کە لە شارۆچکەکە نمایشدەکرا، دەبێتە یەکەمین بەرییەک کەوتنی ولییام و خوشک و براکانی لەگەڵ شانۆ.

ئادمانی برای، کە بچوکترین برایەتی هەمان ڕێگای ویلییەم دەگرێت و وەک ئەکتەرێکی بەتوانا دێتە ناو دنیایی شانۆ.

لەنێویشیاندا، دوای ولییەم، جووانای خوشکی زۆرتر ژیاوەو لە شارۆچکەکەدا دەمێنێتەوەو وڵییەم دوایی خۆی زۆرێک لە شتەکانی بەجل و بەرگەکانیشیەوە بۆ ئەو بەجێدەهێڵێت.

لەم ماڵە دوو نهۆمەدا، کە ڕاڕەوو ژوری زۆر و باخی گەورەی هەیە، ژورێکی میوانی تایبەتیشی لە نهۆمی یەکەمد تێدایە، کە تەنها سیسەم و شوێنی نوستنەکەیی کرێی بەڕیوبەرێکی خوێندنگەبوە بۆ یەک ساڵ لەو سەردەمەدا.چونکە کلتوری دەوڵەمەندەکانی ئەو ڕۆژگارەی ئینگلیز وابوە کەبایەخی زۆر بەشوێنی حەوانەوەو خەوتنی میوان دراوە، ئاماژەیەک بوە بۆ پیشاندانی شکۆی دەوڵەمەندی. هەروەک ژورێکی نان خواردنی گەورە کە کورەیەکی ئاگریی گەورەو پەنجەرەیەکی گەورە بەرامبەر خۆرهەڵات تێدایە، لەگەڵ تاقێکی پڕ لە شەرابی سورو سپی. چونکە شەکسپیری نوسەر و شانۆکار، میوانی لە شوێنە دورەکانەوە هاتوەو ماونەتەوە بۆ ماوەی زۆر.

لەهەر ژورێکی ماڵەکەدا کورەیەکی گەورەی ئاگر هەیە، هەروەک ڕێنیشاندەری مەڵەکە وتیی، ئەو سەردەمە سەرماو بەفری زۆر هەبوە. کە گەرمکردنەوە قورس و گران بوە. بۆیە کوڕەکان هەمویان لەیەک ژورو کچەکان و دایکیشیان لەیەک ژور دەنوستن، تا بتوانن گەرمیان ببێتەوە.
ڕۆژگارییان کورت و شەوگارییان درێژ، چونکە پەنجەرەی کراوەو ڕوناکیان نەبوە. پەنجەرەکان بە داری تەنک گیرابون تا لە درزو تەنکی دارەکەوە ڕوناکی بێتە ژور، بۆیە لە دوایی نیوەڕۆوە پەنایان بۆ ڕوناکی مۆم و کورەکان بردوە.

لەم ماڵە دوکانێکی پێستە فرۆشتن هەیە، کە بەپێی شێوازی ئەوکاتی بەریتانیا، لە پەنجەرەوە فرۆشیارەکان بەڕێکراون. لێرەدا شەکسپیری باوک پێستی باڵندەو حەیواناتی جیاوازی خۆشکردوەو دەستکێس و قایش و هەندێ پێڵاو و پێداویستیتری پێ دروستکردوە، یان پێستەکانی وشک کردونەتەوەو وەک تابلۆیەک فرۆشتونی بەو کەسانەی ڕویان لە شارۆچکەکە کردوە.

شەکسپیری پێستەفرۆش، لەگەڵ ئەوەی بازاڕێکی باشی هەبوەو دەوڵەمەند بون، بەڵام خۆی لە باجدان دزیوەتەوەو بێ باجدان پێستەکانی لە ڕاوچییەکانی شارۆچکەکە کڕیوەتەوە.

ولییەم شەکسپیر، بەهۆی ناو و ناوبانگی لە شانۆدا،وەک ئەکتەرو بەڕێوبەرو دەرهێنەری شانۆ و شانۆنامەنوس چیتر نەیتوانی بەتەنها لێرەدا بمێنێتەوە، ساڵی ١٩٦٣لەلایەن کۆشکی شاهانەوە بانگێستدەکرێت بۆ ڕێوڕەسمی تاج لەسەرنانی پادشا جەیمس. ئیتر لەندەن دەبێتە شوێنی شەیدایی و هەڵچون و داهێنانی ئەم نوسەرە. لەندەن و شەکسپیر بەجۆرێک ناوییان تێکەڵی یەک دەبێت، کە لەدڵی لەندەنییەکاندا، وەک کوڕی لەندەن ماوەتەوە.بۆیە ئێستایش لەناو دڵی لەندەندا هۆڵ و ماڵی شانۆییەکانی ماوەتەوەو ڕۆژانە جمەیدێت لە عاشقانی ئەم داهێنەرە.

ئەو ستارتفۆردی لەبیرنەکردو جارجار دەگەڕایەوە بۆ لای منداڵی خۆی و خێزانەکەیی و کتێبخانە گەورەکەی، کە هەمیشە دەرفەتێکی باشیش دەبون بۆ نوسینەکانی.
نەک هەر ئەوەنە، دوایی خۆیشی بەدەر لەوەی بوە دایک بۆ گەورەکردنی زمانی ئینگلیزی، کورد وتەنی بۆتە خێر و بەرەکەتیش بۆ ئەم شارۆچکەیە، کە بۆتە سەرچاوەیەکی باشی گەشتیاری و داهات و زیندو و جوان هێشتنەوەی، کە هەر زوو هەست دەکەیت بەشێک لەنەمری خۆی یاوە بە ستارتفۆرد.

"شەکسپیر دەیزانی چۆن بینەرەکانی ڕازیبکات، ئەو لەو ئەکتەرانە تێدەگەیشت کە بۆی دەنوسین، کوڕەکان چۆن دەتوانن ڕۆڵ ببینن لەگەڵ ژناندا لەڕێی هۆنراوەو گاڵتەوە، چۆن هاوڕێکانی بتوانن باشترین ڕۆڵ ببیننن لەو شانۆیییانەی دەینوسین، هەروەک خۆیشی لەکاتی ڕۆڵ بینیندا دەچوە ناو ڕۆحی بینەرەکانی." ئەمە قسەی نوسەر و شانۆکارێکی کۆنی چینییە، کەلەو سەردەمەدا هاتۆتە ئێرەو کارەکانی شەکسپیری بینیوەو دواتر لەبارەیەوە نوسیوە.

سێ ڕۆژ پێشنجەژنی لە دایکبونی، ولییەم شەکسپیر لە ٢٣/٤/١٦١٦داو هەر لەم ماڵەدا بۆ ئەبەد چاوی لێکنا و لەدوای خۆی نزیکەی یەک ملیۆن وشەی لە شیعر و شانۆ و ژانریتر وەک میرات بۆ هونەر و ئەدەبیاتی ئینگلیز و جیهان بەجێهێشت و دنیایەکی لەنێو ئەدەب و ھونەری جیھانی بەناوی "شەکسپیری shakespearean"دروستکرد، کە بۆ ئەبەد کاریگەری و تارمایی بەسەر دنیایی شانۆ و شیعرەوە دەبێت .

سەدسال زیاتر، دوای مردنی نوسەری گەورەو ناسراوی ئینگلیز، چارلز دیکنز، سەردانی ماڵەکەی شەکیسپیری کرد، کە هەر لەو سەردەمەدا ئەم ماڵە خرابوە مەزادەوە بۆ ئەوەی بفرۆشرێت، بەڵام دیکنیز، کەمپینێکی پێکهێنا بۆ "پاراستنی ئەم شوێنە بۆ نەتەوەیەک".بۆیە لەساڵی ١٨٤٧ وە ئیتر بوە مۆزەخانەو شوێنێکی نیشتیمانی بۆ بەریتانیا.

ئێستا، ئێمە پاش دوو کاتژمێر، بێ ئەوەی تێربوبین لە بینین و گەڕان، دەمانەوێت لە دەرگایەکی کۆتایی ماڵەکەوە بڕۆینەدەر، بەڵام پێش ڕۆیشتنە دەرەوە کتێبخانەک هەیە پڕ لە کتێبەکانی خۆیو هەموو ئەوانەی لەبارەی و ئەوەوە نوسراون و دەیان بابەتیتر. هەروەک مەدالیا بە وێنەی ولییەم و جل و بەرگ و قەڵەم و کوپ و زۆرشتیتر بە ناو و پۆترێتی و ناو و پۆترێتی شاکارەکانی، گەشتیاران سەرقاڵی بازاڕکردن و دیاری بردنەوەن بۆ دۆستان و خۆشەویستانیان.

ئەم شارۆچکەیە، کە شوێنی لە دایک بون و گەورەبون و ناسراوبونی شەکسپیری گەورە نوسەر و شاعیرو ئەکتەری ئینگلیزی زمانە، بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١١ ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٢٧، ٥٠٠ بیست و حەوت هەزارو پێنج سەد کەسە.


PM:12:40:11/04/2018


























































ئه‌م بابه‌ته 3864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو