‌فرۆشتنی مەلەفەكانی گەندەڵی لە پەرلەمانی عیراق

وێستگه‌ نیوز ـ
دۆسیەی هەڕەشەكردن بە مەلەفەكانی گەندەڵی چییە؟. لە خولی پێشوی پەرلەمانی عیراقدا بەگشتی و لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەتایبەتی، دیاردەیەك سەریهەڵدا لەناو پەرلەمانی عیراقەوە.


ئەویش گەڕان بوو بەدوای مەلەفی گەندەڵی وەزیر و بەرپرسە گەورەكانی عیراق لەلایەن پەرلەمانتارانەوە، بەڵام هەندێك لەو دۆسیەیانە تەنها هەرەشەیان پێكراوە و نەجوڵینراون بەفەرمی، ئامانجە راستەقینەكەشی ئەوەبووە كە وەك كارتی هەرەشە بەكاریبهێنن بۆ وەرگرتنی بەرتیلی چەور. تەنانەت هەندێك جاریش دۆسیەكان فەیك بون و وەزیرەكان لەترسی نەشكاندنی حورمەت و بانگهێشتنەكردنیان بۆ پەرلەمان، وەك دورخستنەوەی گێچەڵ لەخۆیان پارەیان داوە.

بەپێی زانیاریەكانی دیپلۆماتیك مەگەزین، چەند ڕێگەیەك هەبووە لەناو پەرلەمانی عیراق كە لەڕێگەیەوە ئەم كارانە كراوە.

یەكێك لە ڕێگەكان بریتی بوو لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەتایبەتی سەرۆكی پەرلەمان لە بەرامبەر بەڵێن و ڕێكەوتنی سیاسی ڕێگەی نەداوە دۆسیەی هەندێك لە وەزیرو بەرپرسە باڵاكان بچێتە ئەجێندای دانیشتنەكانەوە.

ڕێگەیەكی دیكەیان بریتییە لەو پەرلەمانتارانەی دۆسیەی بانگهێشتەكە دەجوڵێنێت و دیكۆمێنتی گەندەڵیەكە كۆدەكاتەوە لەسەر كەسێك، كەپێی دەوترێت كەسی بانگهێشتكەر.

هەندێك لە دۆسیەكانی گەندەڵی لە پەرلەمانی عێراق كە لەلایەن بانگهێشتكەرەكانەوە جوڵێنرابون. تەنها وەك كارتێكی فشار و هەرەشە لەبەرامبەر بەرپرسەكاندا بەكارهاتون و هەندێكیان دۆسیەكانیان فرۆشتۆتەوە لەبەرامبەر بڕەپارەیەكی خەیاڵیدا.

لەناو پەرلەمانی عێراقدا، دەیان پەرلەمانتار بونی هەیە كە لەسەر بەرپرسەكان دۆسیەیان كردۆتەوە و ئیمزای پێویستی 25 پەرلەمانتاریشیان كۆكردۆتەوە، كەچی دۆسیەكەیان پێشكەشەش نەكردووە و وازیان لێهێناوە.

لەناو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەراندا هەریەك لە عالیە نوسەیف و حەنان فەتلاوی تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە دۆسیەی لەم جۆرە

ئەمەش گومانی زیاتر لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە دروست كردوە، بۆچی دۆسیەكەیان كردەوە و بۆچی دایانخست؟ لەكاتێكدا ئیمزای پەرلەمانتارانیشیان بۆ كۆكردۆتەوە؟.

یەكێك لە گوماناویترین لیژنەكانی ناو پەرلەمانی عێراق، لیژنەی نەزاهەی ناو پەرلەمانی عێراقە، كە لەخولی پێشوەوە وەك یەكێك لە لیژنە گوماناویەكان سەیری دەكرێت و زۆر پەرلەمانتار لەبەر لەكەدارنەبەنی ناوبانگیان لەو لیژنەیە دوردەكەونەوە.چونكە لە ساڵانی پێشتردا ئەندامانی ئەو لیژنەیە تێوەگلابون لە فرۆشتنی دۆسیەكان.عادل نوری یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەی كە لەم خولەی پەرلەماندا چووە ئەو لیژنەیەوە.

هەرچەندە هیچ بەڵگەیەك نییە تێوەگلانی راستەوخۆی عادل نوری بسەلمێنێت لەو درسیەیەدا،بەڵام لەماوەی چوار ساڵی رابردودا، نوری، یەكێك بوە لەو پەرلەمانتارانەی هەمیشە بانگەشەی دەسكەوتن و دۆزینەوەی مەلەفی گەندەڵی گەورەی كردووە، بەڵام ئەو دۆسێیانەی نەهێناوەتە ناو پەرلەمانەوە بۆ لێپێچینەوە و نەیگەیاندۆتە ئەنجام.ئەمەش ئەو پرسیارە دەوروژێنێت كەوا ئەو دۆسیەیانەی بۆچی كۆكردۆتەوە؟ یان بۆكەی هەڵی گرتون؟.

بەپێی زانیاریەكانی دیبلۆماتیك مەگەزین، تەنانەت بەشی زۆری ئەو دۆسیەی گەندەڵیانەی جوڵێنراون و رەوانەی دادگا كراون لەلایەن دەستەی نەزاهەوە بوە نەك لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی و تەواوی لیژنەكە ڕۆڵی لاوازیان هەبووە لە رەوانەكردنی دۆسیەكانی گەندەڵی بۆ دادگا.

هەروەها لەدوای متمانە سەندنەوە لە هۆشیار زێباری، وەزیری پێشوی دارایی عێراق،عادل نوری، لەناو پەرلەمانی عێراق سەرۆكایەتی دۆسیەی متمانە سەندنەوە لە ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراقی كردوو لەناو پەرلەمانیش واژوی پێویستی بۆ كۆكردەوە، بەڵام تائێستاشی لەگەڵدابێت ئەوانەی ئیمزایان بۆ كرد نەیانزانی بۆچی مەلەفی گەندەڵیەكانی ئیبراهیم جەعفەری نەهاتە ناو دانیشتنەكانی پەرلەمان. ئایا لەلایەن ئەو پەلەمانتارەوە پاشەكشەی لێكرا یان دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بابەتەكەی داخست؟.



PM:12:14:10/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 1652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌