نیشانه‌كانی شه‌وی قه‌در چین؟


وێستگه‌ نیوز ـ
شەوی قەدر، یەكێكە لە شەوەكانی مانگی رەمەزان‌ و لای ئیمانداران بەرزترینیانە، موسڵمانان لەو باوەڕەدان چاكترە لە ھەزار مانگ‌ و لەو شەوەدا قورئان دابەزیووە بۆ پێغەمبەری خودا محه‌مه‌د(درودی خوای له‌سه‌ر بێت).

شەوی قەدر لە قورئان و فەرموودەدا
لەو ئایەتانەی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر دەربارەی ئەم شەوە ھاتوون، ئەمانەی خوارەوەن:

لە قورئاندا و لە سورەتی قەدردا دەربارەی ئەم شەوە ھاتووە (ئێمە بەڕاستی قورئانمان دابەزاندوه‌تە خوارەوە لە شەوێكی بەفەڕو رێزداردا، جا تۆ چوزانی شەوی بەفەڕ كامەیەو چ خێرو بەرەكەتێكە،‌ شەوی قەدری بەڕێز لە ھەزار
مانگ رێزدارو خێردارترە).

ھەر لە قورئاندا ھاتووە لە سورەتی دوخاندا

(بەڕاستی ئێمە لە شەوێكی بە فەڕو پیرۆزدا (كە شەوی قەدرە) دامانبەزاندووەتە خوارەوە، بێگومان ئێمە ھەمیشە بێداركەرەوەی بەندەكانمانین، لەو شەوەدا ھەموو كارو كردەوە و بەرنامەیەكی پڕ لە حیكمەت و دانایی لە یەك جیا دەكرێتەوە، ئەمەش فەرمان و بڕیارێكە لەلایەن ئێمەوە، بێگومان ئێمەیش پێغەمبەران دەنێرین، رەوانە كردنی ئەم قورئانە، رەحمەتی پەروەردگاری تۆیە بۆ ئادەمیزاد، تا لە سەرگەردانی رزگاری ببێت، بەڕاستی هەر ئەویشەكە بیسەرو زانایە بە هەموو شتێك).

پێغەمبەر (محەمەد) دەربارەی ئەم شەوە فەرموویەتی:
"هەر كەسێ شەوی قەدر زیندو بكاتەوەو باوەڕی پێی ھەبێ و چاوەڕێی پاداشتی خوا بێ، خوا لە تاوانەكانی پێشووی خۆش دەبێ".

عائیشەی خێزانی پێغەمبەر و دایكی ئیمانداران گێڕاویەتییەوە:
"وتم: ئەی پێغەمبەری خوا ئەگەر زانیم چ شەوێك شەوی قەدرە، چی بڵێم لەو شەوەدا؟ فەرمووی: بڵێ اللهم إنك عفو تحب العفو فاعف عنی). حسن صحیح،  واتا خوایە تۆ لێ بوردەیت و لیبوردنت خۆش ئەوێ، لێم ببورە".

کاتی شەوی قەدر:

ئامۆژگاری موسڵمانان كراوە بەوەی ئەم شەوە رابگرن بە یادو پەرستنی خواو نەخەون تا بەیانی لەبەر ئەو چاكەو گەورەیەی لەم شەوەدا ھەیە زیاترە لە ھەزار مانگ، بۆ زانینی ئەم شەوە لە فەرموودەی پێغەمبەر ئیسلامدا
ھاتووە كەوا فەرموویەتی بۆ شەوی قەدر بگەڕێن لە دە شەوی كۆتایی رەمەزاندا.

نیشانەكانی شەوی قەدر:
ئەم شەوە چەند نیشانەیەكی ھەیە كە پێغەمبەر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) ئاماژەی پێداون، لەوانە بەرەبەیانی شەوی قەدر خۆر ھەڵدێت و تیشكی نییە، ھەروەك تەشتێك تا ئەو كاتەی بەرز دەبێتەوە، ھەروەھا شەوی قەدر شەوێكی بێ دەنگ و روونە، نە گەرمە و نەسارد، خۆری بەیانیەكەی لاواز و سوور دەبێت.

ئه‌مشه‌ویش كه‌ شه‌وی 27ی ره‌مه‌زانه‌ و زۆرترینی موسڵمانان پێیان وایه‌ ئه‌و شه‌وه‌ شه‌وی قه‌دره‌، له‌ وڵاتانی ئیسلامی موسڵمانان له‌ مزگه‌وت و ماڵه‌كانیان تا به‌یانی ده‌مێننه‌وه‌و یاد و زیكری خوا ده‌كه‌ن و شه‌ونوێژ و قورئان خوێندنی تیادا ئه‌نجام ده‌ده‌ن.


PM:09:15:21/06/2017


ئه‌م بابه‌ته 67558 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو