بافڵ تاڵەبانی: باشترین بژاردە بۆ گۆڕانکاری لە پرۆسهی حوکمڕانی، هەڵبژاردنە
وێستگه نیوزـ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ کۆنگریسمان براد شنایدەر، ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی (دیموکراتەکان) کۆبوهوهو رایگهیاند: باشترین بژاردە بۆ گۆڕانکاری لە پرۆسەی حوکمڕانی و هەنگاونان بەرەو هەرێمێکی دیموکراسی و خۆشگوزەرانتر هەڵبژاردنە، کە جەخت لە بەڕێوەچوونی دەکەینەوە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە بەردەوامیی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرایەوە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکە و بافڵ تاڵەبانی، سهرۆكی یهكێتی نیشتمانی كوردستان هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عیراق روونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بەردەوامیی گفتوگۆی بەرپرسیارانەی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق، فاکتەری سەرەکیی بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاڕاستەکردنی وڵاتە بەرەو خۆشگوزەرانی. بۆ ئەمەش دەبێت هەموولایەک بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان پێشبخەن و هەوڵەکان لەخزمەت خەڵکدا بێت.
راگهیهندراوی نوسینگهی سهرۆكی یهكێتی دهڵێت: پرسی تیرۆر و بەردەوامیی هاوکارییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە تەوەرێکی تری دیدارەکەبوو و لەوبارەیەوە بافڵ تاڵهبانی وتویهتی: جەخت لە چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە دەکەینەوە لەچوارچێوەی هێزێکی نیشتمانی و نەتەوەییدا، فراوانکردنی هەماهەنگییە سەربازییەکانیش لەنێوان هەرێمی کوردستان، عیراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا دەبێتە مایەی سەقامگیریی زیاتری ناوچەکە و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆر لەسەر ژیانی خەڵک.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یهكێتی جگەلەوەی جەختی لە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە عیراق کردەوە، راشیگەیاند، باشترین بژاردە بۆ گۆڕانکاری لە پرۆسەی حوکمڕانی و هەنگاونان بەرەو هەرێمێکی دیموکراسی و خۆشگوزەرانتر هەڵبژاردنە، کە جەخت لە بەڕێوەچوونی دەکەینەوە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.
PM:03:54:08/05/2024
ئهم بابهته 616
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت