پوتن بۆ پێنجەم جار وەک سەرۆکی روسیا سوێندی یاسایی خواردەوە


وێستگه‌ نیوزـ

ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی روسیا، ماوەی چارەکە سەدەیەکە بەبێ بوونی دژایەتی ڕاستەقینە سەرۆکایەتی وڵاتەکەی دەکات، لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی سەرۆکایەتی روسیادا کە لە ناوەڕاستی مانگی مارسدا ئەنجامدرا، توانی زیار لە 87٪ دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

ماڵپەڕی "ئەلعربیە" بڵاویکردووەتەوە، کە ئەمڕۆ سێشەممە 7ی ئایاری 2024، ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی روسیا، بۆ پێنجەمین جار سوێندی یاسایی بۆ بوونەوە بە سەرۆکی وڵاتەکە دەخوات
 پوتین وەک سەرۆکێک دەسەڵاتێکی ڕەها لە وڵاتەکەدا پەیڕەودەکات و ڕێگریش دەکات لە هەر جوڵانەوەیەکی ناڕەزایی دژی خۆی و سیاسەتەکانی، ئەمەش لەکاتێکدایە هێزەکانی روسیا لە بەرەکانی جەنگی وڵاتەکەیان لە بەرەوپیشچوندان دژ بە هێزەکانی ئۆکرانیا.

ئەمڕۆش لەدوای تێپەڕبوونی دوومانگ بەسەر هەڵبژاردنەکان و بە ئامادەنەبوونی بەربژێرە ئۆپۆزسیۆنەکان، سەرۆکی روسیا ڤلادیمیر پوتن کەلە ئێستادا تەمەنی 71ساڵە، و نزیکەی چارەکە سەدەیەکە حکومرانی وڵاتەکەی دەکات سوێندی یاسایی خوارد، بەمەش لانیکەم تاساڵی 2030 لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە.
 
پوتن لە ساڵی 2020 دەستووری وڵاتەکەی هەموارکردەوە، تا بتوانێت بۆ دوو خولی دیکەی شەش ساڵی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، واتە تا ساڵی 2036 کە تەمەنی دەبێتە هەشتا و شەش ساڵ.

تایبەت بەشداریکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانیش لەم مەراسیمی سوێند خواردنەدا، ڕاگەیەندراوە کە هیچ کام لە نوێنەرەکانی نەناردووە، ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "کە لە ڕۆژی ئەنجامدانی مەراسیمی سوێند خواردنی پوتندا لە روسیا نوێنەرمان نابێت، و ئێمە ئەم هەڵبژاردنە بە ئازاد و داتپەروەر دانانێین بەڵام پوتین سەرۆکی روسیایە و هەرواش دەمێنێتەوە".

یوری ئوشاکۆڤ یاریدەدەری سەرۆکی روسیاش ڕایگەیاند، بۆ مەراسیمی سوێند خواردن و دەستبەکاربوونی سەرۆکی روسیا، سەرجەم نێردراوە دیپلۆماسییەکانمان بانگهێشتکردووە بۆ مۆسکۆ، بە وڵاتانی نادۆستیشەوە.


PM:06:15:07/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت