لێپرسراوی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی: سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی نییه‌ هه‌ڵبژاردن دوابخات

‌رزگار حاجی حه‌مه‌ لێپرسراوی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی

وێستگه‌نیوز-
لێپرسراوی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ئاماده‌نین هیچ دانیشتنێك له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی‌ كوردستان بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و نه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ش رێككه‌وتوون.


رزگار حاجی حه‌مه‌ لێپرسراوی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كوردسات نیوز وتی‌: "ئاماده‌كاری‌ ته‌واومان بۆ هه‌ڵبژاردن كردووه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "له‌سه‌ر بڕیاری‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ عێراق واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن دیاریكراوه‌ و هه‌موو حزبه‌كان ئاماده‌كارییان كردووه‌ جگه‌ له‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و ته‌نانه‌ت 10ی‌ ئایاریش بۆ ده‌ستپێكردنی‌ واده‌ی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن دیاریكراوه‌".

رزگار حاجی حه‌مه‌ ده‌ڵێت: "ده‌بێت سه‌رۆكی‌ هه‌رێم به‌ یه‌ك مه‌سافه‌ له‌هه‌موو حزبه‌كان بوه‌ستێت، چونكه‌ پارێزه‌ری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر شه‌رعیه‌تی‌ حكومه‌ت ده‌بێت و كێشه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان دروست ده‌كات".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "حزبی سیاسی ناتوانێت هه‌ڵبژاردن دوابخات، چونكه‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌بێت هۆكاری هه‌بێت وه‌ك روودانی‌ كاره‌ساتێكی‌ سروشتی‌ و كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ و تێكچوونی‌ دۆخی‌ وڵات".

رزگار حاجی حه‌مه‌ راشیگه‌یاند كه‌ "له‌ رووی یاساییه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نییه‌ هه‌ڵبژاردن دوابخات".

پێشتر نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رۆژی 10ی مانگی 6ی 2024، وه‌كو واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكرد و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقیش كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌كات، ئاماده‌كارییه‌كانی‌ له‌وباره‌وه‌ ده‌ستپێكردووه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا پارتی دیموكراتی كوردستان بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنی ڕاگه‌یاندووه‌ و داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌كات تا ئه‌وكاته‌ی تێبینییه‌كانی به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت، له‌كاتێكدا به‌شێك له‌ هێز و لایه‌نه‌كانی تر، به‌تایبه‌ت یه‌كێتی، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردندان له‌ واده‌ی دیاریكراودا.


PM:05:37:04/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت