وه‌زیری كشوكاڵی هه‌رێم: رێگەمان نەداوە یەک دەنک گەنم لە دەرەوە هاوردەی هەرێم بکرێت

‌بێگه‌رد تاڵه‌بانی

وێستگه‌نیوزـ

بێگه‌رد تاڵه‌بانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێم رایگەیاند، رێگەیان نەداوە یەک دەنک گەنم لە دەرەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت، دەشڵێت: دەبێت عێراق گەنمی جوتیارانی هەرێم بێ جیاوازی وەربگرێت.


بێگەرد تاڵەبانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق کۆدەبنەوە و لەمەدوا قبوڵی ناکەن گەنمی جوتیاران بە رێژە وەربگیرێت، دەبێت هاوشێوەی جوتیارانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەل جوتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێت و تەواوی گەنمەکەیان لێوەربگیرێت.

وتیشی: "رێگەیان نەداوە تا ئێستا یەک دەنک گەنم لە دەرەوەی وڵات داخڵی هەرێمی کوردستان ببێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، داوایان کردوە نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق خۆیان بێنە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان و پشکنین بۆ بەرهەمی گەنم بکەن.

وەزیری کشتوکاڵ باسی لەوەشکرد، سیاسەتێک پەیڕەو دەکرێت و زوڵم لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بڕێکی دیاریکراو گەنمیان لێوەردەگرن، دواتر ئەو بڕە دەمێنێتەوە لە بازاڕی رەش بە نرخێکی کەمتر لێیان دەکڕدرێتەوە و گەنمەکەیان پێ هەڕاج دەکەن، بۆیە لەکۆبونەوەی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق داوا دەکەن چیتر بۆ وەرگرتنی گەنم رێژە بۆ جوتیارانی هەرێم دیاری نەکرێت و تەواوی گەنمەکەیان لێوەربگیرێت.

جەختیشیکرده‌وە، بۆ ئەمساڵ بەرهەمی گەنم لە ئاستێکی باشدایە و کوالێتییەکەشی زۆر باشە، سەبارەت بە نرخەکەشی وتی: هەمان ئەو نرخە دەبێت کە حکومەتی عێراق دیاریکردوە بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینارە.


PM:12:22:29/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت