شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە کۆبوونەوەدان


وێستگه‌نیوزـ

شاندە تەکنیکییەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم پرسی مووچەی مانگی نیسان (چوار)ی فەرمانبەران، رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان و چەند پرسێکی دیکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی تاوتوێ دەکات.


بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی نیسانی 2024، شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێم، بە سەرۆکایەتی محەمەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری وەزارەتەکە گەیشتە بەغدا.

ئێستا شاندە تەکنیکییەکەی وەزارەتی دارایی و هه‌رێم بە مەبەستی تاوتوێ کردنی پرسی مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی فەرمانبەرانی هەرێم، رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە حکومەتی عێراق، پڕۆژەی "هەژماری من" و چەند پرسێکی دیکە؛ لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە کۆبوونەوەدایە.

رۆژی چوارشەممە 24ی نیسانی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە، "نابێت هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بهێڵرێتەوە تا بکرێتە بیانوو بۆ خەرجنەکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم؛ هەر بە ئەم ئاراستەیەش ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووریی و شاندی دانوستانکاری راسپارد، ئەوەی لە یاسا بەرکارە فیدراڵییەکان دەستنیشان کراوە وەک بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتی نانەوتی بەدەست هاتوو لە هەرێم، بخرێتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی فیدراڵ".


AM:11:12:28/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت