دوو هه‌زار هه‌لی‌ كار له‌هه‌رێم و عێراق ڕاگه‌یاندرا


وێستگه‌- AA
دەزگای روانگە لە شاری ھەولێر پڕۆژەیەکی تایبەت بە رەخساندنی ھەلی کار راگەیاند لە سیمینارێکدا لە شاری هەولێر، دەزگای ڕوانگە، ٢٠٠ هەزار هەلی کاری کە لەلایەن کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و رێکخراوی سیلەتێک بۆ سەرانسەری عێراق رەخساون، راگەیاند. ئەم هەلانە لە چوارچێوەی پڕۆژەی فورسی USAIDدەوە رادەگەیەنرێن.


دەزگای روانگە لە شاری ھەولێر پڕۆژەیەکی تایبەت بە رەخساندنی ھەلی کار راگەیاند لە سیمینارێکدا لە شاری هەولێر، دەزگای ڕوانگە، ٢٠٠ هەزار هەلی کاری کە لەلایەن کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و رێکخراوی سیلەتێک بۆ سەرانسەری عێراق رەخساون، راگەیاند. ئەم هەلانە لە چوارچێوەی پڕۆژەی فورسی USAIDدەوە رادەگەیەنرێن.

لە دەستپێکی سمینارەکەدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دکتۆر محەمەد هاودیانی رایگەیاند، ئەمە پڕۆژەیەکی ساڵانە دەبێت لە هەرێمی کوردستان. بۆ پرۆژەکەی ئەمساڵیش هیوای خواست گەنجان سوودمەندی یەکەم بن لەم پڕۆژەیە. روونیشی کردەوە بێکاری لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، بەڵام لە ئێستادا کەرتی تایبەت بوارێکی زۆر گونجاوە، بۆئەوەی گەنجانی وڵات بتوانن لەم کەرتەدا کار بکەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: "پرۆژەی قەرزی بچووک لە ساڵی پار بەردەوام بوو ئەمەش هاندانێکە کە گەنجەکان بتوانن پەرە بە کارەکانیان بدەن و نزیکە 8 هەزار کەس سوودمەندبوونە لەم پڕۆژەیە و ئێمەش پاڵپشتی هەموو دەزگا و رێکخراوێک دەکەین کە هەلی کار بۆ گەنج و لاوەکان دەرەخسێنێت."

دواتر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە عەبدولسەلام مەدەنی لە سمینارەکەدا گوتی تا ئێستا زیاتر لە 850 هەزار کەس سوودمەندبوونە لە پڕۆژەکانی دەزگای روانگە. ئاماژەشی بە رووپێوی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی کرد سەبارەت بە رێژەی بێکاری لەسەر ئاستی جیهان کە گەیشتوەتە لە سەدا شەش و لە سەدا ١٣ی ئەم رێژەیەش چینی گەنجن. هەروەها باسی لەوە کرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا رێژەی بێکاری گەیشتوەتە سەدا ١٧ کە گەنجانی ئەم ناوچەیە سەدا ٣٠ی ئەم رێژەیە پێک دێنن.

مەدەنی داوای کرد لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت ئەوانەی دەرچووی زانکۆکانن زیاتر پشت ببەستن بە کارکردن لە کەرتی تایبەت، چونکە بەکورتی "پڕۆژەی ئێمە ئەوەیە کار بکەین بۆ دابینکردنی هەلی کار بۆ ئەوانەی بێکارن تا بتوانن سوودمەند بن".

پڕۆژەی فورس لەلایەن رێکخراوی (USAID)ەوە بودجە و خەرجیی بۆ دابینکراوە و بەفەرمی لە ساڵی 2013 لە عێراق دەستی بە کارەکانی کردووە و لەلایەن (FHI360) سەرپەرشتیکراوە. بەڵام لەسەرەتای ساڵی 2016 تا کۆتایی هەمان ساڵ لەلایەن دەزگای روانگەوە سەرپەرشتی دەکرێت و لە لایەن رێکخراوی سیلەتێک و مایکرۆسۆفت خەرجی و بوودجەی بۆ دابین دەکرێت و لە سەرانسەری عێراق بەناونیشانی روانگە فورس کارەکانی دەکات.

هەر لە سمینارەکەدا بەڕێوەبەری پڕۆژەی رێکخراوی سیلەتێک یەحیا حوری گوتی: "ئەوان لەگەڵ کۆمپانیاکان بە شێوەیەکی مەیدانی کاردەکەن و سەرەتا لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتیی USAID لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا کاری زۆر باشیان کردووە و ئێستاش ئەم پڕۆژەیان پێشکەشی دەزگای روانگە کردووە.

حوری لەبارەی دەزگای روانگە و وەرگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییەوە رایگەیاند: "ئەوان دەزانن چۆن کاری لەسەر دەکەن و توانای ئەوەیان هەیە." لە درێژەشدا گوتی: "ئێمە لە کاتێکی زۆر هەستیارداین، نزیکەی نیوەی دانیشتووانی جیهان گەنجن و گەنجیش داهاتووی وڵاتە و ئەگەر هاوکاری ئەوان نەکەین، واتا هاوکاری خۆمان ناکەین، بۆیە دەبێت دەستیان بگرین و فێری ئەوەیان بکەین، کە چۆن خۆیان بدۆزنەوە. ئێستا ئەو کاتەیە کە دەبێت کار لەسەر گەنجان بکەین و نابێت لەدەستیان بدەین. بۆیە پێویستە کەرتی تایبەت و گشتی و رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و هەمووان کار لەسەر ئەوە بکەن، کە توانای گەنجان لەدەست نەدەن، چونکە هەندێک لایەنی توندڕەو دەیانەوێت، گەنجەکانمان هەڵخەڵەتێنن و دەبێت رێگری لەم هەوڵانە بکەین".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای روانگە زیرەک ژێدار لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پڕۆژە و پرۆگرامی فورس، پڕۆژەیەکە لە نێوان کارخواز و خاوەنکار، ئێمە وەکو دەزگای روانگە بۆ ساڵی 2016 ئەم پڕۆژەیەمان لە ئەستۆ گرتووە و لەسەرانسەری عێراق ئەم پرۆژەیە بەڕێوە دەبەین، بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاریی ئەو کەسانە بکەین کە بەدوای کاردا دەگەڕێن و لە هەمانکاتدا هاوکاریی خاوەنکارەکان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین کەسی شیاو بۆ کارەکانییان بدۆزینەوە."

سەبارەت بە پلانی کارەکانیان بۆ ئەم پڕۆژەیە لەماوەی داهاتوودا، زیرەک ژێدار گوتی: "لە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و سیلەتێک داوامان لێکراوە کە 200 هەزار کەس لەم پرۆژەیە سوودمەند بکەین و ئەمەش سەرانسەری عێراق دەگرێتەوە. بەڵام پلان و کارەکانی دەزگای روانگە لەسەرووی ئەو رێژەیە."

جێی ئاماژەیە پرۆژەی فورس لە نیسانی 2012 وەک یەکەمین پۆرتاڵی کاربەدەستهێنان بۆ بەیەکگەیاندنی سەرچاوە جیاوازەکانی گەڕان بەدوای کار و دۆزینەوەی هەلی کار دامەزرا. ئامانجی ئەم پڕۆژەیەش بەیەکەوەگەیاندنی کارخواز و خاوەنکارە بەتایبەتی لەکەرتی تایبەتدا و سەکۆیەکە بۆ راهێنانی بەردەوام بۆ فێربوون و گەشەپێدانی توانا مرۆییەکان، ئەمەش بە بەشداری لە خوولی راهێنانی راستەوخۆ لەڕێگەی ئینتەرنێت و بەدەستهێنانی بڕوانامەی نێودەوڵەتی.

دەزگای روانگە، رێکخراوێکی ناحکوومییە و ئەرکی دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری و گەشەپێدانی توانای مرۆیی و کارکردن لەسەر ئاوارە و پەنابەرەکانە بۆ باشترکردنی بار و گوزەرانی ژیانیان.


PM:12:11:19/02/2016


ئه‌م بابه‌ته 4664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو